Skip to main content

ددانپیانانەکەى باوکى ئەسرین محەمەدى بە هەڕەشە و لە پێنجوێن ئەنجام دراوە

ددانپیانانەکەى باوکى ئەسرین محەمەدى بە هەڕەشە و لە پێنجوێن ئەنجام دراوە
AvaToday caption
منداڵەکانیان بەشەهیدکردن دەدەن و بەزۆرى ددانپیانانى ساختەشیان پێ تۆمار دەکەن!
posted onJuly 7, 2020
nocomment

پاش ئەوەى هێزەکانی پاراستنی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەپەژە کە سەر بە پژاک و پژاکیش لقێکى دروستکراوى پەکەکەیە بۆ ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ناسنامەی گەریلایەکیان بە ناوی "ئەسرین محەمەدی" ناسراو بە "ئەویندار بێریڤان" ئاشکرا کرد، دایکى ئەسرین لە کەچەڵاواى سەردەشتەوە ڤیدیۆیەکى بڵاو کردەوە و تیایدا باسى لەوە کرد کە "کچەکەى لە لایەن گەریلاکانى پژاکەوە دزراوە و ئەو کاتەى دزراوە تەمەنى ١٣ ساڵان بووە" و تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى ئەم هەواڵەى وەک خۆى و لە زمانى دایکى ئەسرینەوە بڵاو کردەوە و ئەو وێنانەى کە لە لایەن پژاکەوە ساختە کرابوون ئاشکرا کرد کە حاشاهەڵنەگر بوون.

 

بە هۆى دروستبوونى پاڵەپەستۆ و فشارێکى گەورە لەسەر پەکەکە و پژاک لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یەکانگیرییەکى گشتى لەسەر ئەم پێشێلکاری و لادانە کۆمەڵایەتى و نیشتمانییەى ئەم هێزە کوردییەى باکوورى کوردستان، میدیاکانى پەکەکە و ئەو کرێگرتانەیان کە ئێستا بە ناوى چالاکى مەدەنى لە باشوورى کوردستان دەژین، دەستیان بە پاساوهێنانەوە بۆ ئەم کارە نایاساییەى پەکەکە و پژاک کرد و تەنانەت ڤیدیۆیەکیان لە باوکى ئەسرین واتە "حەسەن محەمەدی" بڵاو کردەوە کە تیایدا نووسراوانە قسە دەکات و دەڵێت "سیخوڕ و بەکرێگیراوانى پیاوانى دەوڵەت چوونەتە لاى ژنەکەم و ژنەکەشم فەقیر و نەخۆشە و ئەو ڤیدیۆیەیان لێى گرتووە و بەمەش ویستوویانە لاپەڕەى سپى حیزبی پژاک لەبەرچاوان ڕەش بکەن".

ئاڤاتودەى وەک کارى پیشەییانە و ڕێزگرتن لە ڕاستییەکانى هەواڵێک کە خۆى بڵاوى کردووەتەوە، بەدواداچوونى بۆ ئەم پرسە کرد و یەکێک لە خزمە نزیکەکان حەسەن محەمەدی باوکی ئەسرین محەمەدى بە ئاڤاتودەى گوت "حەسەن لە قەڵادزێ دەستفرۆشى دەکات، چوار ڕۆژ پێش پەکەکە چوونەتە سەرى و بە زۆرى بردوویانە بۆ پێنجوێن و لەوێ ئەم ڤیدیۆیەیان پێ تۆمار کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە دەبێت ئەو شتەى ئەوان بۆیان نووسیوە و فێرى دەکەن، هەمان شت بهێنێتە سەر زمان".

دونیاى نوێى کوردی بەم هێزە گەورە میدیاییەى کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستى دەکەوێت، چیتر ناکرێت ڕاستییەکانى لێ بشاریتەوە و دروستکردنى ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە چیتر لە دونیاى سیخوڕی و دەسەڵاتى بەربەریی دونیا کۆتایی هاتووە، هەروەک دەروونناس و پسپۆڕێکى بوارى جووڵەى دەمووچاو بە ئاڤاتودەى گوت "من چەندین جار سەیرى ڤیدیۆیەکە و جووڵەکانى ئەو پیاوەم کرد، تیایدا چەند ڕاستییەک هەن: سترێسێکى پێوە دیارە کە پێى گوتراوە دەبێت ددانى نیشان بدات وەک نیشانەى پێکەنین بۆ ئەوەى وا دەرکەوێت دڵخوازانە قسە دەکات و هەروەها هیچ سەردەشتییەک ئەویش کە خەڵکى گوند بێت سرووشتیانە بەو شێوەیە قسە ناکات و قسەکان زیاتر کیتابی و نووسراون و جلوبەرگەگەشى نیشاندەرى ئامادەسازى تۆمارکردنى ئەم ڤیدیۆیەیە، بۆیە دەتوانین بڵەین ئەم ڤیدیۆیە ساختە و دروستکراوە و سرووشتیانە نییە بەڵکو بە هەڕەشە ئەنجام دراوە".

چالاکێکى مافەکانى مرۆڤ لە نێوخۆى ڕۆژهەڵاتەوە بە ئاڤاتودەى گوت: "ئەوەى جێگەى داخە لەم پرسە، قسەنەکردنە لە تەمەنى ئەسرین محەمەدى کە ١٣ ساڵان بووە. لە ڕووى مافى ئینسانییەوە بە هیچ ڕێگەپێدراو نییە کە ڕێکخراوێکى سیاسى و چەکدار منداڵان و مێرمنداڵانى خوار تەمەنى یاسایی بەشدارى چالاکییە سەربازییەکانیان بکەن و ئەم کارەى پژاک دژى یاساکانى مافى مرۆڤە چونکە ئەسرین تەمەنى ١٣ ساڵان بووە براوە و کە شەهیدیش دەبێت تەمەنى ١٥ ساڵانە و بەمەش دووبارە هەر نایاساییە".

ئەوەى ماوەتەوە ئێمە وەک تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى بیڵەین ئەوەیە کە "ئەم کارەى پژاک هاوشێوەى کارە سیخوڕییەکانى کۆمارى ئیسلامى جێگەى پاساوهێنانەوە نییە و تاوانێکى گەورەیە کە منداڵ بدزیت و بەشدارى شەڕى چەکدارانەی پێ بکەیت. کۆمەڵێک کەسیش لە باشوورى کوردستان کە خۆیان وەک چالاکى سیاسى و مەدەنى و مافى مرۆڤ ناساندووە و هەندێکیشیان پێشتر لە نێو پەکەکە بوونە و ئێستا وا خۆیان نیشان دەدەن کە دژیانن، کەوتنە پاساوهێنانەوە بۆ ئەم کارەى و دەریانخست کە ئەو ئایدیۆلۆژیایەى پەکەکە هێشتا لە مێشکیاندا ماوەتەوە و ناتوانن لەو چوارچێوە کۆیلەبوونە بێنە دەرەوە".

 

بەڵگەکانى پێشووى ئاڤاتودەى کە بڵاوى کردەوە:

دەستکاریکردنى وێنەى ئەسرین محەمەدى بۆ ئەوەى لە سەرووى تەمەنى یاسایی نیشان بدرێت ٢

دەستکاریکردنى وێنەى ئەسرین محەمەدى بۆ ئەوەى لە سەرووى تەمەنى یاسایی نیشان بدرێت

بەڵگەى نیشاندانى تەمەن و سکاڵانامەى باوکى ئەسرین محەمەدى ٢

بەڵگەى نیشاندانى تەمەن و سکاڵانامەى باوکى ئەسرین محەمەدى