Skip to main content

کۆماری ئیسلامی گەورەترین پاڵپشتی تیرۆریزم لە جیهانە

کۆماری ئیسلامی گەورەترین پاڵپشتی تیرۆریزم لە جیهانە
posted onJune 25, 2020
nocomment

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی سالانەی خۆیدا کۆماری ئیسلامی بە گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهان ناوبرد. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە شوێنپێی پشتیوانیەکانی ئێران لە تیرۆریزم لە غەزەوە هەتا پاکستان بەدی دەکرێن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی پووشپەڕ، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە خەبات دژی تیرۆریزم بڵاو کردەوە و مایک پۆمپێئۆ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی لەسەر بەڕێوەبرد.

لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها باس لە سیاسەتی گوشاری هەرە زۆری واشنگتۆن لەسەر ئێران کراوە و باس لە گەمارۆ نوێیەکانی سەر ئەو ڕژیمەش کراوە. یەکێک لە هەوڵەکانی ئەمریکا دانانی سوپای پاسداران و سوپای قودس لە پێرستی گرووپە تیرۆریستیەکان.

ئەوە یەکەمین جارە ئەمریکا بەشێک لە دەسەڵاتێک دەخاتە لیستی گرووپە تیرۆریستیە دەرەکیەکان. دۆنالد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا لەو سەردەمەدا سوپای پاسدارانی بە ئامرازی سەرەکی کۆماری ئیسلامی بۆ بەڕێوەبردنی تیرۆریزیمی نێودەوڵەتی ئێران ناساندووە.

ئەمریکا لە ڕاپۆرتەکەدا کۆماری ئیسلامی بە زیادکردنەوەی نائارامیەکان و تووندووتیژی بە شێوەی ڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی گرووپە بریکارەکان لە بەحرەین، عێراق، لوبنان، سوریە و یەمەن تاوانبار کردووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا وێرای ئاماژە بە ئێران وەک پشتیوانی سەرەکی تیرۆریزم، هاتووە کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٩ بە تایبەت بە پشتیوانی لە حیزبوڵلای لوبنان، گرووپی حەماس و گرووپە بریکارەکانی دیکەی لێواری غەزە، ڕژیمی بەشار ئەسەد و هەروەها گرووپە تیرۆریستیەکان لە عێراق درێژەی بە چالاکیە تیرۆریستیەکانی خۆی داوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەوەی پشت ڕاست کردووەتەوە کە ئێران بە سرنجدان بە گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەری کەوتووەتە ژێر گووشار و پشتیوانیە ماڵیەکانی ڕژیمی ئێران لە حیزبوڵلا و حەماس بە شێوەی بەرچاو کەمی کردووە.

لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ئاماژە بە بەرنامە هێرشبەرە سایبریەکانی ئێران کراوە و تێیدا هاتووە کە ئێران درێژە بە پشتیوانی لە هێرشی سایبری بۆسەر دەوڵەتە دەرەکیەکان و کەرتی تایبەت دەکات.

ئەمریکا لە ڕاپۆرتەکەدا کۆماری ئیسلامی بە ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لە شوێنی جیاوازی جیهان بەتایبەت لە ئەمریکای باکور و باشور، ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئاسیا و ئەفریقا لە ساڵی ٢٠١٩ تۆمەتبار کردووە و باسی لە جێبەجێ کرانی ئەو هێرشانە لە ڕێگەی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیلاعات کردووە.