لەوەڵامى هێرشە مووشەکییەکەى سەر سەربازگەى تاجی لەباکوورى بەغدا، فرۆکە جەنگییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان لەهێرشە فرۆکەوانییەکانیان بەلایەنى کەمەوە شەش کەسیان لەبەرەبەیانى هەینى لەچەند ناوچەیەکى جیاجیاى عێراق کوشتووە، کە زۆربەیان لەمیلیشیاکانى حیزبوڵای عێراقی نزیک لەکۆماری ئیسلامی ئێران بوون. لەبەرامبەر ئەو هێرشەشدا حکومەتى بەغدا لەرێگەى وەزارەتى دەرەوە بابەتەکەى بە "پێشێڵکردنى سەروەرى" وەسفکردووەو، تارانیش بە " مەترسیدار" وەسفی دەکات.
وەزارەتى بەرگرى (پێنتاگۆن) ئەمەریکا رایگەیاند " هێرشەکانیان پێنج موڵگەى عەمبار کردنى چەک لەلایەن گرووپی کەتائیبەکانى حیزبوڵا کردۆتە ئامانج، لەنێویاندا جبخانەى ئەو چەکانەى بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانى هاوپەیمانان بەکاردەهینران". لەلایەن خۆیشیەوە سوپاى عێراق ئیدانەى هێرشە ئاسمانیەکانى واشنتۆنى کرد، کە بووە هۆى کوژرانى شەش کەس و برینداربوونى ١٢ کەس، پرۆسەکەشی بە "هێرشێکى ئاشکراو سەروەرى سەروەری" وەسف کردووە. بەڵام لەراگەینراوەکەى سوپاى عێراق هاتووە " هێرشەکان هیچ چەکداریکى نەپێکاوە، ئەوانەى کوژراون، تەنها سی سەربازو دوو پۆلیس و مەدەنیەک بووە". گووتیشى " چوار سەربازو دوو پۆلیس و مەدەنییەک و پێنج چەکدار لەو هێرشانە بریندار بوونە".
لەو نێوەندەشدا گووتەبێژى فەرمیی بەغدا ئاشکراى کردووە، وەزیرى دەرەوەى وڵاتەکەى بانگهێشتى باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیاى لەبەغدا کردووە. گووتەبێژى فەرمی وەزارەتى دەرەوەش لەڕاگەینراوێکدا هیماى بەوە کردووە " وەزیرى کۆبوونەوەیەکى بەپەلەی بۆ بریکارەکانى وەزارەت و راوێژکاران و گوتەبێژى وەزارەت بۆ تاوتوێ کردنى پرسى هێرشەکانى ئەمەریکا کردووە، لەو سونگەیەشەوە بانگهێشتنى باڵیۆزی واشنتۆن و لەندەن کراون".
تاوەکو ئێستا زانیارییە بەراییەکان دەریانخستووە " هیچ کەسایەتیەکى باڵاى هاوشێوەى رووداوەکانى سەرەتاکانى ئەمساڵ کەبوونە هۆى کوشتنى قاسم سولەیمانی، فەرماندەى پێشووى سوپاى قودس، نەکراونەتە ئامانج". هاوکات مارک ئەسپێر، وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا لەراگەینراوێکى وەزارەتەکەیدا دووپاتیدەکاتەوە " وڵاتەکەى ئامادەیە، جارێکى دیکە وەڵامى هەر هێرشێکى دیکە بداتەوە، گەر پێویست بکات". روونیشی کردەوە " هەموو ریکارێکى پێویست بۆ پارێزگارى لەهێزەکانمان لەعێراق و ناوچەکە دەگرینە بەر".
هاوکات دۆمینیک راپ، وەزیرى دەرەوەى حکومەتى لەندەن، باسى لەوە کرد " وەڵامدانەوەى هێرشە ترسنۆکەکانى دژى هێزى هاوپەیمانان لەعێراق خێراو جەرگبڕ بوون". سەرەڕاى پاڵپشتیەکانى تاران بەو گرووپە میلیشیایەى عێراق، بەڵام عەباس موسوی، گووتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران، شەرمنانە ئیدانەى ئەو هێرشەى ئەمەریکا بۆ سەر لایەنگرى کرد.
هێرشەکانى ئەمەریکاش بۆ سەر موڵگەکانى حیزبوڵا لەچەند ناوچەیەکى عێراق بەهۆى هێرشێکى مووشەکی ئەو میلیشیایە بووە بۆ سەر سەربازگەى تاجی، کەتێدا دوو سەربازی ئەمەریکى و بەریتانی تێدا کوژران، هێرشەکەش هاوکات بووە لەگەڵ ساڵیادی لەدایکبوونى قاسم سولەیمانى، کەئەمەریکا ٣ کانوونى دووهەم لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیس لەنزیک فرۆکەى بەغدا کوشتنى.
هاوکات لەماوەى چەند مانگى رابردوو، واشنتۆن لەرێگەى سوپاکەیەوە سێ گورزى گەورە لەکەتائیبەکانى حیزبوڵا بدات، بەتایبەت لەنزیک بابل، کەناوەندی چالاکییەکانیانە، هەروەها لەسنوورى سووریاش سەربازگەیەکى دیکەشیان هەیە، ئەویش کراوەتە ئامانج.