بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هەوڵە جیهانییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریە بەردەوامە

هەوڵە جیهانییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریە بەردەوامە
AvaToday caption
posted onOctober 20, 2019
noبۆچوون

 

نانسی پلۆسی سەرۆکی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا ڕۆژی شەممە بە هاوڕێیەتی ژمارەیەک لە نوێنەرانی پلەبەرزی دوو حیزبی دیموکرات و کۆماریخواز سەردانی ئۆردونی کرد بۆ ئەوەی سەبارەت بە گۆرانکارییەکان لە دوای هێرشی حەوتووی ڕابردووی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ شا عەبدوڵا پاشای ئورودون کۆببنەوە.

 

ئەو سەفەرە دوای ئەوە دێت کە بریاری دۆناڵد ترامپ بۆ بردنە دەری هێزەکانی ئەمریکا لە سوریە، ڕێگەی بۆ هێرشی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە. نانسی پلۆسی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند ئەو سەفەرە لە کاتێکی قەیراناویدا بۆ سەقامگیری و ئەمنیەتی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت. لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بە قووڵبوونەوەی قەیرانی سوریە دوای هێرشی تورکیە، وەفدی ئێمە ئەرکدار کراوە بە ئەنجامدانی چەندین دانوستان سەبارەت بە سەقامگیری ناوچەکە، زیادبوونی کۆچەکان و مەترسی خوڵقانی دەرفەتێکی نوێ بۆ داعش، ئێران و ڕووسیە.

وەفدی ئەمریکایی پێک هاتووە لە سەرۆکی کۆمیتە هەستیارەکانی مەجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا بە تایبەت ئیلیویت ئێنگێل سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە. بنی تامپسون سەرۆکی کۆمیتەی ئەمنیەتی ناوخۆیی، ئادام شفیت سەرۆکی کۆمیتەی زانیاری و لە کۆتاییدا مەک تۆرنبری نوێنەری کۆماریخواز و سەرۆکی کۆمیتەی خزمەتگوزاری هێزە چەکدارەکانی مەجلیس.

ئەوان لە کاتی سەفەرەکەدا جگە لە دیدار لەگەڵ پاشای ئوردون و شازادە حوسێن جێگری شانشینی ئەو وڵاتە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی پلەبەرزی سیاسی وەک ئیمان سەفادی وەزیری دەرەوەی ئوردون وتووێژیان کردووە. ئەو دیدارە لە کاتێکدا پێک هات کە سێ ڕۆژ پێش واتە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ ڕەزبەر نانسی پلۆسی و چاک شۆمێر سەرۆکی کەمینەی دیموکرات لە سەنای ئەمریکا ڕێککەوتنی واشنتۆن و ئانکارای سەبارەت بە ڕاگرتنی شەڕ بە مەرجی چوونە دەری هێزە کوردەکان لە باکوری سوریە بە جێگەی شەڕم ناوبردبوو.

ئەوان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسیان لەوە کردبوو کە ئەو ڕێککەوتنە بەهاى سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تووندی لاواز دەکات و هەروەها پەیامێکی مترسیدار بۆ هاوپەیمانەکانمان دەنێرێ بەوەی کە ناکرێ متمانە بە قسەی ئێمە بکەن. لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە  بەو ڕێککەوتنە ئەردۆغان هیچ شتێکی لەدەست نەداوە و لە بەرامبەردا ترامپ هەموو شتێکی بەو داوە.

دیموکراتەکانی  کۆنگرەی ئەمریکا رایانگەیاندووە بە زوویی گەمارۆی نوێ لە دژی تورکیە کە ڕەزامەندی هەردووک وڵاتی لەسەر بێت دادەنێن.

لە لایەکی دیکە ئانگێلا مێرکل و ڤلادمیر پۆتین لە پێوەندیەکی تەلەفۆنیدا پێداگریان لەسەر چارەسەری قەیرانی سوریە لە ڕێگەی سیاسی کردەوە. وا بڕیارە پۆتین حەوتوی داهاتوو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ساری سوجی کۆ ببێتەوە. ئەردۆغان بەتەمایە لەو کۆبوونەوەدا پۆتین لە بەرنامەکانی تورکیە لە قۆناغەکانی داهاتوودا بۆ باکوری سوریە ئاگادار بکاتەوە.