بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هێرشى هاوشێوەى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر هاوپەیمانەکانى ئێران لە عێراق

هێرشى هاوشێوەى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر هاوپەیمانەکانى ئێران لە عێراق
posted onSeptember 28, 2019
noبۆچوون

هەواڵدەرییەکان بڵاویان کردەوە کە ئێوارەى ڕۆژى هەینى ٥ى ڕەزبەر / ٢٧لاى سپتەمبەر، لە ماوەى چەند سەعاتێکدا، دوو هێرشى هاوشێوەى هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ نێو خاکى عێراق، ئەم جارەیان کرایە سەر دوو قەرارگاى هێزەکانى حەشدى شەعبی کە یەکێکیان لە نزیکى سنوورى عێراق و سوریە لە پارێزگاى ئەنبار هەڵکەوتووە و ئەویتریشیان لە فەلووجە ڕووى داوە.

 

ئەرتەشى ئیسرائیل، وەک زۆربەى جارەکانى دیکە بێدەنگى هەڵبژاردووە، بەڵام زۆرێک لە بەڵگەکان بەتایبەت بە پێى قسەى بەرپرسانى باڵاى ئەم وڵاتە، ئەم هێرشانە بە کارى ئیسرائیل دەزانن. بە پێى هەواڵى میدیاکان، ژمارەى هێرشى فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان تا ئێستا و لە ماوەى ١٠ حەوتوو، گەیشتوونەتە ١٧ جار.

بەرپرسانى دەوڵەتى عێراق کە لەگەڵ ئەمریکا دۆست و پشتیوانە سەرەکییەکەى ئیسرائیل هاوکارییان هەیە، بۆ ئەم هێرشانە ناوی لە ئیسرائیلیان نەبردووە و بەجۆرێک بووەتە باو کە ئەوان بە ئاشکرا چاو لەم جۆرە هێرشانەى سەر هێزە هاوپەیمان و بەریکارەکانى ئێران دەپۆشن، هەروەک چۆن کە ڕوسیەیش سەرەڕاى ئامادەییە دیارە سەربازییەکەى لە سوریە، لەسەر بنەماى قسەى سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل، بوار دراوەتە ئەم وڵاتە کە لەم چوار ساڵەى دواییدا بە سەدان جار هێرش بکرێتە سەر بریکار و هاوپەیمان و تەنانەت خودى هێزەکانى سەر بە کۆمارى ئیسلامى.

هەندێک لە بەرپرسانى ئیسرائیل لەم دواییە گوتبوویان کە وڵاتەکەیان ئەگەرى ئەوە هەیە بۆ بەرگرتن لە جێگیربوونى سەربازى ئێران لە ناوچەکە، تەنانەت هێرش بکەنە سەر خاکى ئێرانیش.

لە لایەکى دیکەوە عەباس نیلفروشان جێگیرى عەمەلیاتى سوپاى پاسدارانى ئێران لە گفتوگۆیەک لەگەڵ تەسنیم گوتى "ئێران بنیامین نەتانیاهۆ و تیمەکەى و ئیسرائیل "بەبچووک" دەزانێت و ئیسرائیل "لەڕاستیدا هێندە نییە کە بتوانێت هەڕەشە لە نیزامێکى بەهێزى وەک ئێران بکات کە تا سەر سەرى چووە و لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشوورەوە گەمارۆى داوە".

نیلفروشان فەرماندەى باڵاى سوپاى پاسداران لە گفتوگۆکەى لەگەڵ تەسنیم کە ئەورۆ شەممە ٦ى ڕەزبەر / ٢٨ى سپتەمبەر لەگەڵ ئەم هەواڵدەرییەى سەر بە سوپا بڵاو بووەتەوە، باسى لەوە کردووە کە ئیسرائیل "تواناى شەڕێکى ڕاستەقینە و بەرفراوانى نییە و جووڵەکانى دژى تەوەرى بەرگرى، بۆ جێبەجێکردنى ئەو تاکتیکەیە کە لەو خاڵە بەهێزە بدات کە خەریکە بەرامبەری قووت دەبێتەوە".

هەڵسەنگاندنى ئەم فەرماندە باڵایەى سوپاى پاسداران لەگەڵ ئەو بەڵگانەى خودى دەوڵەتپیاوانى باڵاى ئیسرائیل وێک دێتەوە، چونکە ئەوان هەمیشە گوتوویانە کە هێرشەکانیان لە سوریە و عێراق بۆ ئەوەیە کە هەڕەشەکان بچووک بکەنەوە و یا لەنێویان بەرن و نەهێڵن هەڕەشەکە جددى بێتەوە.