بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاستە هێرشەکەى سەر عەرەبستان لە عێراقەوە نەبووە، بەڵام شەڕ لەگەڵ ئێران هەڕەشەشە لەسەرى

ڕاستە کە هێرشەکەى سەر عەرەبستان لە عێراقەوە نەبووە، بەڵام شەڕ لەگەڵ ئێران هەڕەشەشە لەسەرى
posted onSeptember 16, 2019
noبۆچوون

ئاڤاتودەى

 

مایک پۆمپئۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا دووشەممە ٢٥ى خەرمانان/ ١٦ سپتەمبەر لە بەیاننامەیەک پشتڕاستى کردەوە کە ڕاگەیێنراوەکەى دەوڵەتى عێراق بۆ بەدرۆخستنەوەى ئەو بانگەشەیەى کە گوایە هێرشەکەى سەر پاڵاوگە نەوتییەکانى ڕۆژهەڵاتى عەرەبستانى سعودیە لە خاک و ئاسمانى عێراقەوە بووە، "ڕاستە".

پەمپئۆ باسى لەوەش کرد کە ئەمریکا ڕاستگۆییەکەى دەوڵەتى عێراق پشتڕاست دەکاتەوە، چونکە زانیارییەکى دروستى لەبن دەستدایە  کە نیشاندەرى ئەوەیە هێرشەکە لە عێراقەوە نەبووە (واتە: هێرشەکە لە ئێرانەوە ئەنجام دراوە). وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا باسى لەوە کرد کە ئێوارەى یەکشەەمە لەم بارەوە گفتوگۆیەکى تەلەفۆنى لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق هەبووە.

 

بەیاننامەکەى ڕۆژى یەکشەممەى دەوڵەتی عادل عەبدولمەهدى لە بەغدا، پێداگرى لەسەر ئەوە کردەوە کە عێراق بوار بە هیچ گرووپێک نادات هێرش بکاتە سەر خاکى عەرەبستان، "وڵاتى دۆست و برا"، کە بەغدا هەوڵى پاراستنى بەرژەوەندییەکانى داوە. دەوڵەتى عێراق هۆشدارى دابوو سەبارەت بە پەرەسەندنى شەڕ و توندوتیژییەکان کە ئەگەرى ئەوە هەیە ناوچەکە و دونیا بگرێتەوە.

واپێدەچێت ئاماژە نەرمەکەى ئۆفیسى سەرۆکوەزیرانى بەغدا، لە لایەکەوە بۆ دژبەرەکانى ئێران لە ناوچەکە بێت و لە لایەکى دیکەیشەوە بۆ ئەو هێزانەیە لە عێراق کە ڕەنگە بە هۆى بەرژەوەندییەکانى ڕژێمى ئێرانەوە، عێراق بکێشنە نێو شەڕەوە. سەرەڕاى هەوڵەکانى دەوڵەتى بەغدا بۆ ئەوەى بێلایەن بمێنێتەوە و بە گوتەى بەرپرسە باڵاکان، خاک و هەریمى ئاسمانى عێراق نەبێتە هۆى تۆڵەسەندنەوە و پاکانەحیساب لەگەڵ ئێران، لە بوونى هەر دۆخێکى شەڕاوى لە ناوچەکە، عێراقیش هێزەکانى حەشدى شەعبی کە لەم دوو مانگەى دوایی بەلانى کەمەوە لە لایەن ئیسرائیلەوە ٦ جار هێرشیان کراوەتە سەر، بەشێک دەبن لە شەڕەکە.

 

 

بە شێواندنى دۆخى ناوچەکە، حەشدى شەعبی دەینى خۆى بەرامبەر بە پشتیوانیکردنى ئێران ئەدا دەکات و ئیتر لەو کاتەدایە کە عێراق بەهایەکى قورس دەدا. قەیران لە ناوچەکە ئەو کاتە پەرەى سەند کە ئێران لەم چەندین ڕۆژەى ڕابردوودا خەریکى یارگیرى و چاوپێکەوتن بوو لە عێراق و واش پێدەچوو کە سەرکەوتنێکى گەورەى بەدەست هێناوە.

ئامادەبوونى موقتەدا سەدر ڕابەرى ڕەوتى سەدەر یا فراکسیۆنى سائیروون لە پەرلەمانى عێراق، لە مەراسیمى شەوى عاوشوورا لە بەیتى ڕەهبەرى ڕژێمى ئێران، لە کاتێکدا کە ئەویان لە قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسى پاسداران بەرزتر نیشان دابوو، نیشانى دەدا  ئێران بەم کارەى، هەم پەیوەندی و هەم دەستڕۆیشتوویی خۆى لە عێراق قووڵتر کردووەتەوە و هەم بە هێنانەدەرەوەى موقتەدا سەدر لەبن باڵى عەرەبستانى سعودیە، گورزێکى گەورەى لە ڕیاز داوە.

چەند ڕۆژیش بەر لە ئێستا، فالح فەیاز ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى عێراق کە سەرۆک و فەرماندەى سەرەکى حەشدى شەعبییە، ئەبوو موهەندیس جێگرى حەشدى شەعبی و هەروەها قەیس خەزعەلى سکرتێرى گشتى بزووتنەوەى عەسائیبى ئەهلى حەق کە لە گرووپەکانى نێو حەشدى شەعبییە، لە تاران بوون و لەگەڵ بەرپرسان و ئاخوندەکانى ڕژێمى ئێران گفتوگۆ و دیداریان کردووە.