بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دەنگۆی قۆڵبەستکردنی سادق لاریجان ئێرانى تەنیوە!

دەنگۆی قۆڵبەستکردنی سادق لاریجان ئێرانى تەنیوە!
AvaToday caption
posted onAugust 18, 2019
noبۆچوون

مانگێک پاش گرتنی ئەکبەر تەبەری یاریدەدەری سادق لاریجانی لە بەرێوەبەرایەتیی دەسەڵاتى دادوەرى، دەنگ و ڕەنگى کۆمارى ئیسلامى هەتا دێت زیاتر ئەم بابەتە دەورووژێنێت و قسەى لەسەر دەکات.

محەمەد یەزدی ئەندامی شووراى نیگەهبانى کۆمارى ئیسلامى و یاری نزیکی ئایەتۆڵا خامنەیی هێرشێکی توندی کردە سەر سادق لاریجانی، و لەم چوارچێوەیەشدا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى ڕژێم پاڵپشتى قسەکانى محەمەد یەزدى دەکات و دژى لاریجانى دەوەستێتەوە.

لە ڕووداوێکی کەم وێنەدا و لە دەنگ و ڕەنگى ڕژێم، سێ جار هێرش کرایە سەر لاریجانی بە تۆمەتی گەندەڵی و داگیرکردنی زەویوزار و درووستکردنی ناوەندى عیلمیەی هاوشێوەى کۆشک و تێچوون و خەرجییەکى بێ هەژمار و...

سادق لاریجانی لە وەڵامی ئەم هێرشانە سەڕەرای قبووڵنەکردنی تۆمەتەکانی، هەڕەشەى ئەوە دەکات ئێران جێ دەهێڵێت و دەچێتە نەجەفى عێراق، ئەو شوێنەى کە بە زێد و مەوتەنى خۆى هەژماری دەکات، چونکە لەوێ لەدایک بووە.

ئەم هێرشانە کاتێک گرنگتر دەردەکەون کە بەپێ یاسای ئێران، شووراى نیگەهبانى کۆمارى ئیسلامی و سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى و دەنگ و ڕەنگ، هەرسێکیان لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ڕێبەرى کۆمارى ئیسلامیدان، ئەمەش بە ماناى ئەوە دێت کە ئەم شەڕە، شەڕى خامنەییە لەگەڵ بنەماڵەی لاریجانییەکان!