بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر گرتنى نەوتهەڵگرەکەی بەریتانیا

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر گرتنى نەوتهەڵگرەکەی بەریتانیا
AvaToday caption
posted onJuly 20, 2019
noبۆچوون

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە پاڵێوراوی پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەیە ڕایگەیاندووە: هەوڵی ڕۆژی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیەکی جێگەی نیگەرانییە کە دەری دەخات کۆماری ئیسلامی ڕەفتارێکی مەترسیدار و دژی سەقامگیری دەست پێ کردووە.

جرێمی هانت لە درێژەدا گووتویەتی: هەروەک دۆینێ ڕامانگەیاند وەڵامی ئێمە بەهێز و ورد دەبێ. ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین ڕێگەیەک بۆ چارەسەری کێشەی نەوتهەڵگری "گریس ١" ببینینەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا دەبێ دڵنیابین لە پارێزراوبوونی ئەمنیەتی هاتووچۆی کەشتییەکانمان.

لە هەمانکاتدا وتەبێژی دەوڵەتی بەریتانیا پێشنیاری بە کەشتییەکانی وڵاتەکەی کرد، خۆیان ببوێرن لە هاتووچۆکردن لە گەرووی هورمز. کۆماری ئیسلامی دۆینێ هەواڵی ڕاگرتنی نەوتهەڵگرێکی بەریتانیایی بە ناوی "ئیستینا ئیمپرو" لە گەرووی هورمز بڵاو کردەوە. ڕاگرتنی ئەو کەشتییە بەریتانییە ١٥ ڕۆژ دوای ڕاگرتنی گەورە نەوتهەڵگری "گریس ١" لە لایەن دەوڵەتی جەبەل تارق دێت.

دەوڵەتی بەریتانیا هۆکاری ڕاگرتنی ئەو گەورە نەوتهەڵگرەی بۆ پێشێلکردنی گەمارۆکانی یەکیەتی ئەوروپا لە دژی سوریە داناوە و بە گووتەی بەرپرسانی بەریتانیا ئامانجی ئەو کەشتییە سورییە بووە.

 

کاردانەوەی فەڕانسە

وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسە ڕۆژی شەممە بە نیشانەی کاردانەوە بە ڕاگرتنی نەوتهەڵگری بەریتانیایی نیگەرانی خۆی بەو کارەی کۆماری ئیسلامی دەربڕی و ڕایگەیاند ئەو هەوڵەی کۆماری ئیسلامی خەسار بەو هەوڵانە دەگەیەنێ کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پشێوییەکانی ناوچە.

لە ڕاگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسەدا هاتووە: ئێمە نیگەرانی ڕاگرتنی کەشتییەکی بەریتانیایین کە لە لایەن کۆماری ئێسلامی وەستێندراوە. ئێمە بە تووندی ئەو کارە شەرمەزار دەکەین و پشتیوانی خۆمان لە بەریتانیا دەردەبڕین.

 

ئاڵمان بۆ ئێران: بەزوویی کەشتییەکەی بەریتانیا ئازاد بکەن

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیێندراوێک ڕاگرتنی نەوتهەڵگری "ئیستینا ئیپرو" لە لایەن ئێرانەوە سەرکۆنە کرد. بەرلین ئەو کارەی ئێرانی بە پاساوهەڵنەگر ناودێر کردووە.

بە گووتەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ئەو هەنگاوەی ئێران "بە شێوەیەکی مەترسیدار" دۆخی پڕ لە پشێوی ئێستا خراپتر دەکات. لە کۆتاییدا داوا لە ئێران کراوە بە زوویی کەشتییەکە ئازاد بکات.