بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

پەکین بەرگرى لە هواوی دەکات

پەکین بەرگرى لە هواوی دەکات
AvaToday caption
posted onJune 9, 2019
noبۆچوون

 

دواى ئەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان رێگرى لەفرۆشتنى تەکنەلۆژیاى پێویست بە کۆمپانیاى هواوی تەکنەلۆجیزی چینى هەفتەى رابردوو پەکین، بەشێک لەکۆمپانیا تەکنەلۆژییە جیهانییەکانى بانگهێشت کرد و، کۆمەڵێک بابەتیان تاوتوێ کرد.

 

ئەمریکا وەک خۆپارێزییەک بەرامبەر ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەى کۆمپانیا چینییەکە لەبوارى پێشکەوتنى تەکنەلۆژی و سیستەمی 5G بە دەست یهێناوە، بڕیاری دا هواوی بخاتە نێو لیستى ڕەشى وڵاتەکەیەوە. بەو بڕیارەش رێگرى لە کۆمپانیاکانى واشنتۆن دەکرێت کەرستە و خزمەتگوزاری پێشکەش بەو کۆمپانیا بکەن، لەلایەن خۆشیەوە کۆشکی سپی پرسەکەى بۆ "ئاسایشى نیشتیمانى" گەڕاندووەتەوە.

ئەو بابەتەش مەترسیی ئەوەی دروست کردووە "گورزێکى کوشندە لە ناکۆکییە ئابووریی و جەنگە بازرگانییەکەى هەردوو گەورە ئابوورى جیهانی بدات". سەرەڕاى ئەوەى هواوی ڕەتی دەکاتەوە "کەرستەکانى هەڕەشەى ئەمنی بێت بۆ وڵاتانى جیهان"، بەڵام واشنتۆن سوورە لەسەر بڕیارەکەى.

هواوى ٢

پاش بڕیارەکەى ئەمریکا، پەکین ئاشکراى کردووە "لیستێکى تایبەت بەو کۆمپانیا بیانیانە دەردەکات کە چیتر ناتوانن پشتى پێبەستن"، ئاماژەى بەوەش داوە "سنوورێک بۆ دابینکردنى کانزای پێویست و تایبەت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دادەنێن". یەکێک لەکێشەکانى واشنتۆن بەرامبەر پەکین، دواکەوتنیەتى لە مامەڵەى بازرگانى و، ناهاوسەنگی بازرگانى کە زۆربەیان بەقازانجی زلهێزەکەى ئاسیاییە شکاوەتەوە.

چەند هەفتەیەکیش لەمەوبەر کۆمپانیاى گوگڵ، بڕیاری دا هواوی لە سوود وەرگرتن لە پرۆگرامی ئەندرۆید، کە کارپێخەرى مۆبایلەکانى هواوییە، بێبەش بکات، ئەمەش مەترسییەکى زۆری بۆ بەکاربەرانى ئەو مۆبایلە دروست کردووە.

بە جۆرێک زۆربەى پرۆگرامە ئەمنییەکانى ئەندرۆید بۆ هواوی لەکار کەوتن و، بەشێکیان بەکاربەران نەیانتوانى ئەپدێتى زانیارییەکانیان بکەنەوە. ئەمەش وەک یەکێک لە بەڵێنەکانى دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمەریکا لە بانگەشەى هەڵبژاردن خستیە ڕوو، گرنگی زیاتر بەکۆمپانیاى وڵاتەکەى بکات، بۆیە لەهەوڵى ئەوەدایە باجێکى زۆر بخاتە سەر کاڵا بیانییەکان، بەتایبەت کەرستەى چینی.

سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاى مایکرۆسۆفتى ئەمریکا بۆ بەرنامەسازی کۆمپیوتەر لەبارەى کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ بەرپرسانى چینى، جەختى لەوەش کردووەتەوە "کۆبوونەوەکە هیچ هەڕەشەیەکى ڕاستەوخۆى تێدا نەبووە".

باسیان لەوەش کردووە "بەرپرسانى پەکین هێمایان بەوە کردووە ملکەچکردن بە بایکۆتەکانى ئەمریکا ئەگەری ئەوە هەیە زیان بەهەموو لایەنەکانى ئەو کەرتە بگەیەنێت". داواش لەو کۆمپانیا ئەمریکییە کراوە، کە بەشداریی لە کۆبوونەوە تایبەتییەکەى کردووە "هیچ جووڵەیەکى لەناکاو و بێخوێندنەوە ئەنجام نەدەن، تا بەتەواوی لەپرسەکە تێدەگەن".

هواتوى ١

گووتیشى "تۆنى قسەکانیان نیمچە ئاشتەواییەکى تێدا بوو"، بەڵام مایکرۆسۆفت هیچ زانیارییەکى ئەوتۆى لەبارەى کۆبوونەوەکە پێشکەش نەکرد. سەرچاوەى تۆمارکردنى هواوی لەلیستى ڕەشى ئەمریکا، بەهۆى سیستەمى 5G دەگەرێتەوە، کە کۆمپانیا چینیەکە بە بەراورد لەگەڵ کۆمپانیاکانى دیکە بەتایبەت ئەپڵ پێشەنگ بووەو، ئەمەش بووەتە هۆی توڕە بوونى ترامپ بەرامبەر ئەو پێشکەوتنە کۆمپانیا چینییەکە بەدەست هێناوە.

لەلایەکى دیکەوە کۆمپانیایەکى تەکنەلۆژی ئەمەریکى لە نێو چینیدا بە ئاژانسى فرانس پرێسى راگەیاند "کۆبوونەوەکە لە کەشێکى هێمنانە بەرێوەچوون و، ئەو شێوە گفتوگۆیانەش چاوەڕوان کراو بوون". ئەو کۆمپانیایە کە ئاژانسە فەڕەنسییەکە ناوی بڵاونەکردووەتەوە هێمای بەوە کردووە بەبیانووى بابەتێکى هەستیارە دەڵێت "بەهیچ شێوەیەک باسى هواوی و هۆشدارییەکان نەکراون، تەنها داواکراوە لەو وڵاتە بمێننەوە و، دانووستاندنەکانیش سوودی بۆ هەردوو لایەن هەیە".

دووپاتی کردووەتەوە "پێم وایە تا ئێستاش ئەوان تا ئێستاش پێویستیان بە تەکنەلۆژیاو بەرهەمى ئەمریکى هەیە، بۆ ئەوەى بگەنە ئاستى تێربوونى ناوخۆیی، ئەمەش پێویستى بە کاتە و ئەوکات ڕەنگە لەو ڵاتەکەیان دەرمان بکەن". ڕۆژنامەى "نیویۆرک تایمز"ـى ئەمریکی یەکەم دەزگای میدیایی بووە، سازدانی کۆبوونەوەیەک لەنێوان حکومەتى چنی و سەرۆکى گرووپە کۆمپانیاکانى ئەمریکاو کۆریاى باشوور بڵاو کردووەتەوە. لەو کۆمپانیانەش دێڵ و مایکرۆسۆفتی ئەمریکی و سامسۆنگی کۆریاى باشوور بووە.

ڕۆژنامەکە ئاشکراشی دەکات "پەکین هەڕەشەى کەمکردنەوەى چالاکییەکانى ئەو کۆمپانیانە کردووە، بەوەى دواتر ڕووبەرووى هەنگاوی تۆڵەسەندنەوە دەبن". جگە لەو سێ کۆمپانیایە کۆمپانیاى ئارمی بەریتانی بۆ پیشەسازی میمۆری و شانەى ئەلیکترۆنیش بەشداریی کردووە، کە مانگی رابردوو دابینکردنى پێداویستیەکانى هواوی راگرت.

هواوى ٣

نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتەکەى خۆیدا باس لەوە دەکات "دەسەڵاتدارانى چینی ئاماژەیان بەوە کردووە بڕیارەکەى دۆناڵد ترامپ، سەرکۆمارى ئەمریکا بۆ راگرتنى هاوبەشى تەکنەلۆژی لەنێوان کۆمپانیا ئەمریکییەکان و چینیەکان، بووەتە هۆى شڵەژانى تۆڕە جیهانییەکان بۆ دابینکردنى خزمەتگوزارییەکان". دووپاتشی کردووەتەوە "ئەو کۆمپانیانەی ئەو سیاسەتە جێبەجێ بکات، ڕەنگە ڕووبەرووى سزاى تووند ببنەوە". ئەمەش لەکاتێکدایە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک لە هەینییەوە بڕیاری داوە هواوی چینى لە سوود وەرگرتن لەئاپەکەى لەنێو تۆڕەکانی ئەنتەرنێت بێبەش بکات.

هەنگاوەکانى فەیسبوک دواى بڕیارەکەى سەرکۆمارى ئەمریکا دێت کە رێگرى لە هەناردەکردنى تەکنەلۆژیاى ئەمریکى بۆ هواوی کردووە، بەڵام چاودێرانى بازرگانى و تەکنەلۆژی پێیان وایە "هەوڵەکانى واشنتۆن بۆ ئەوەیە رێگرى لە پێشڕەوییەکانى هواوی بگرێت و، رێگە نەدات لەسەر حیسابی کۆمپانیاکانى خۆپان و هاوپەیمانەکانیان تەکنەلۆژیاى نوێ بخەنە بازاڕەکان".

ترامپ لە ماوەى مانگی رابردوو داواى لەزۆربەى وڵاتانى جیهان کردووە، دابینکردنى سیستەمەکانى هواوی لەنێو وڵاتەکانى خۆیان رابگرن، بەشێک لەو وڵاتانەش گرێبەستەکانیان لەگەڵ هواوی هەڵوەشاندۆتەوەو، بەشێکیانیش درێژەیان بەو کارانە داوە.

پێشبینى دەکرێت هواوی لەدواجاردا بتوانێت بەسەر بڕیارەکەى ئەمریکا زاڵ بێت و، واشنتۆن ناچار بکات پێداچوونەوە بە بڕیارەکەى بکاتەوە، بەتایبەت ئێستا زۆربەى کارگەکانى ئەپڵ لە نێو چیندایەو ، پێویستى بە خزمەتگوزارییەکانى چین و هواویە، بۆ دروستکردنى بەرهەمەکانى خۆیدا.