بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بۆڵتن: ڕاگرتنی هێرشەکان لە ناوچە نیشانی دەدات سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کۆماری ئیسلامی سەرکەوتووە

بۆلتن: ڕاگرتنی هێرشەکان لە ناوچە نیشانی دەدات سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر کۆماری ئیسلامی سەرکەوتووە
AvaToday caption
posted onMay 29, 2019
noبۆچوون

 

جان بۆلتن، ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٧ جۆزەردان وێرای ئاماژەدان بە هێرشەکانی فەجیرە، گووتی ڕوونەدانی هێرشی زۆرتر لە ناوچەکە نیشانەی سەرکەوتوو بوونی کاردانەوەکانی ئەمریکایە.

 

بۆڵتن جەختی لەوە کردۆتەوە واشنگتۆن هەوڵ دەدات بەرپرسانە و بە هێمنی وەڵامی چالاکییەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بداتەوە. لە درێژەدا گووتویەتی: ئەمریکا بە تەمایە بە ئێران و هاوپەیمانەکانی نیشان بدات چالاکی لەو چەشنەیان لەگەڵ کاردانەوەی بەهێزی ئەمریکا ڕووبەڕوو دەبێتەوە. جان بۆلتن لە قسەکانیدا گووتی هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی فەجیرە و هێرش بە فرۆکەی بێفرۆکەوان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان هێرشێک بۆ سەر بەندەری یەنبەعی عەرەبستان ناکام ماوەتەوە.

ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانی جەختی کردەوە واشنگتۆن نیگەرانە لە کەڵک وەرگرتنی سوپای قودسی ئێران و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی ئەو هێزە لە میلیشیاکانی عەراق بۆ هێرش کردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە. بە گووتەی جان بۆڵتن، بە ئەگەری زۆر لە هێرش بۆ سەر چوار نەوتهەڵگرەکەی کەنارئاوەکانی ئیمارات کەڵک لە زەوییەکانی ئێران وەرگیراوە.

ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی دۆنالد ترامپ جەختی لەوە کردەوە واشنگتۆن  بۆ هەنگاوەکانی دواتر لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی ڕاوێژ دەکات و دڵنیایی دا لەوەی سێ وڵاتی ئەمریکا، ئیمارات و عەرەبستان لەمەڕ مەترسی دەستوێراگەیشتنی ئێران بە چەكی ناوەکی لەگەڵ یەکتری هاوڕان.