بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

فیدڕاڵی خاتەمی و کورتە سەرنجێک

فیدڕاڵی خاتەمی و کورتە سەرنجێک
AvaToday caption
posted onMay 12, 2019
noبۆچوون

 

سەید محەمەد خاتەمی ڕۆژی شەممە ٢١ بانەمەڕ لە دیدار لەگەڵ نوێنەرانی شوڕای شاری تاران گووتی: ئەگەرچی یاسای بنەڕەتی ئیزنی ئەو شتەی نەداوە و ڕەنگە لە ڕووی سیاسییەوە لەم کاتەدا گونجاو نەبێ بەڵام بۆ بەڕێوەبردنى ئێران باشترین سیستم فیدڕاڵییە.

 

لە ڕاستیدا ئەو قسانەی خاتەمی بەرهەمی دوکتورینی چەندین ساڵەی ڕێفۆڕمخوازانە بۆ خاڵیکردنەوەی توڕەیی و ویستەکانی کۆمەڵگە بە تایبەت گەلانی ژێردەستی فاشیزمی فارسییە. دوکتورینێک کە بە پەسەندکردنی یاسای هەڵبژرادنەکانی شورا و شارەوانی لە سەردەمی خاتەمیدا چەخماخەی لێدرا و بە داخەوە لە هێندێک قۆناغی سیاسیدا بووە هۆی شکان و شەقکردنی گوتاری بەرئەندازانەی بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

خاتەمی ناتوانێ ئاوا بە سانایی مانۆڕ بدا و لە بنکەی سەرەکی شارەوانی تاران باسی دێسانتڕالیزەکردنی ئێران بکات ئەگەر بیرکردنەوەیەکی تاکتیکی لە پشتەوە نەبێت کە بۆخۆی بەشێکە لە ستراتیژی مانەوەی نیزامی.  لە ڕاستیدا هیزی نەرمی سیاسی ویلایەتی فەقیی، خەریکی کاناڵیزەکردنی بیڕوڕای گشتی و بە ئەدەبیاتی شۆڤینیستانەی خۆی کار لەسەر گەلانى ئێران دەکات، بەو مەبەستانە:

 

 یەکەم: درووستکردن و قوڵترکردنەوەی کەلێنی نێوان ڕوانگە جیاوازە سیاسییەکانی گەلانی ئێران و هەڵوەراندنی بەریانی باوەڕمەند بە ڕووخانی نیزام بە قازانجی ڕەوتی ڕێفۆرمیستی نێوخۆیی.  لە ساڵی ڕابڕدوودا، سیما تیئۆریکییەکانی ئەو بەریانە وەک تاج زادە، سەعید حەجاریان و هتد بە دەیان جار باسیان لەوە کردووە بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٦ کە ڕێفۆڕمخوازان دەبێ بە خۆیاندا بچنەوە و درووشمی "ئیسلاحتەڵەبی ئوسولگەرا/ دیگە تمومە ماجرا" بە هەند وەرگرن. ئەوان بە ئاشکرا دەیانگوت هەر دەنگێک لە ڕەوتی ڕێفۆڕم کەم بێتە دەچێتە سەبەتەی بەریانی خوازیاری ڕووخانی نیزام.

دووەم: دانی ئەو پەیامە سواو و بەکردەوە شکستخواردووە کە ڕەوتی ڕێفۆڕمخواز پتر ڕەوتێکی پراگماتیست و خوازیاری سازشە تا کێشمەکێشی ئایدۆلۆژیکی و هەژموونخوازانە بە دونیای دەرەوە و ئامادەگی ئەوەی تێدایە لە هەڵسووکەوت لەگەڵ دونیای دەرەوەدا پتر نەرمی نیشان بدات.

 سێیەم: ڕاکێشانی سەرنجی نەتەوەکانی خاک و ناسنامەداگیرکراوی ژێر دەسەڵاتی تاران بۆ ئەو بیرۆکەیە کە دەکرێ لەپاڵ ئەو ڕەوتەدا بتوانن بە ئارەزووە سیاسییە مێژوییەکانی خۆیان بگەن و ئەو ڕادیکالیزم و ماتەوزە گۆڕانخوازانەیەی  بۆ گۆڕانی گەورە و ڕیشەیی لە ناخی تاکی نەتەوەی بندەستی کورد، بەلوچ، عەڕەب، تورکمەن، مازەنی و تا ئاستێک ئازەری و تەنانەت فارس سەریهەڵداوە نەرم کەنەوە و بە هەندێک وەردەکاری وەک کاری ئەنجوومەنی و دامەزراوەیی و درووشمی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادییە تاکە کەسییەکان، وزەکانیان بە تاڵ و بەفیڕۆ بدەن.

گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات باش لە پیلانەکانی ڕەوتی سوپاپی دڵنیایی مانەوەی نیزام تێگەیشتووە و ئەوەی لە دووی جۆزەردان بۆ خاتەمی و ڕەوتەکەیان کرد " ٢ خرداد" لە بەشی هەڵە سیاسییەکانی بزووتنەوەی کوردی لە قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی پاش ڕووخانی نیزام وەبیر منداڵانی خۆیان دەهێننەوە.