بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆماری ئیسلامی خراپترین وڵاتە لە ڕووی ئازادی ڕاگەیاندنەوە

کۆماری ئیسلامی خراپترین وڵاتە لە ڕووی ئازادی ڕاگەیاندنەوە
AvaToday caption
posted onApril 18, 2019
noبۆچوون

 

لە نوێترین پلەبەندی ئازادی میدیاکان لە نێوان ١٨٠ وڵاتی دونیا کە ڕۆژی شەممە ٢٩ خاکەلێوە لە لایەن ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور بڵاو بووەوە، نۆروێژ وەک ئازادترین و ئەمنترین وڵات بۆ میدیاکان لە پلەی یەکەم دایە و ئێران بە شەش پلە دابەزین بە جیاوازی لەگەڵ ساڵی پێشوو هاتۆتە پلەی ١٧٠ـەمین وڵات لە ڕووى نەبوونى ئازادى ڕاگەیاندنەوە.

 

پەیامنێرانی بێسنوور لە نوێترین ڕاپۆڕتی ئازدای میدیایی سەبارەت بە دۆخی میدیاکانی ئێرانی گوتویەتی: ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە کۆنتڕۆڵی بەربڵاوی میدیاکان دەستی هەڵنەگرتووە لە گوشار هێنان و ئازاردانی هەواڵنێران، شارۆمەند ـ هەواڵنێر و میدیا سەربەخۆکان. لەو ڕاپۆڕتەدا بە جەختکردنەوە لەوەی ئێران لە ٤٠ ساڵی ڕابڕدوودا یەکێک لە سەرکوتکارترین دەسەڵاتەکان بۆ هەواڵنێران بووە ئاماژەی بە ڕاپۆڕتی پێشووی ئەو ڕێکخراوە کردووە کە مانگی ڕێبەندانی ڕابڕدوو لە ژێر ناوی ٤٠ ساڵ درۆ بڵاو بووە.

کۆماری ئیسلامی خراپترین وڵاتە لە ڕووی ئازادى

لەو ڕاپۆڕتەدا ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور ڕایگەیاندبوو دەستی بە بەڵگەیەک لە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیشتووە کە دەری دەخات لانیکەم ٨٠ هەواڵنێر و شارۆمەند ـ هەواڵنێر لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٨ هەتا ١٣٨٨ لە ئێران قۆڵبەست کراون و سەرەڕای زیندانیکردن تەنانەت لە سێدارە دراون.

لە پلەبەندییە نوێیەکەدا بە ئاماژەدان بەوەی سەرکوتی سیستماتیکی میدیاکان و ڕۆژنامەنووسان لە ئێران بەردەوامە، هاتووە: سوپای پاسداران و ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپا سەرکوتەکانی خۆی لەسەر شارۆمەند هەواڵنێران کە هەوڵ دەدەن لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەبات بکەن لە پێناو بڵاوکردنەوەی زانیاری ئازادانە و هەروەها دروستکردنی ئاڵوگۆڕی دیموکراتیک دڕێژە پێداوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆڕتە لە نێو دەستبەسەرکراوانی ڕاگەیاندن، ئیستا دوو لەسەر سێێان شارۆمەند ـ هەواڵنێرن کە باجی سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر بڵاو بوونەوەی زانیاری ئازاد دەدەن.