لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا لە یەکێک لە گوندەکانی شاری بۆکان، قوتابییەکی تەمەن حەوت ساڵان لە کاتی زەنگی پشوودا و بەهۆی گیرانی پارچە بیسکیتێک لە قوڕگیدا، گیانی لەدەست دا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە محەممەد پەرزۆم، قوتابی پۆلی یەکەمی سەرەتایی لە گوندی "بەردە زەرد"ـی سەر بە بۆکان، لە کاتی ڕاکردن و یاریکردن لە حەوشەی قوتابخانەدا، تووشی کێشەی توندی هەناسەدان بووە.
بەرپرسانی پەیوەندیدار ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕووداوەکە بەهۆی گیربوونی پارچە بیسکیتێک بووە لە بۆری هەناسەی قوتابییەکەدا. هەرچەندە دەستبەجێ گەیێندراوەتە ناوەندێکی تەندروستی، بەڵام سەرەڕای هەوڵەکانی تیمی پزیشکی، محەممەد لە نەخۆشخانە گیانی سپارد.
ئەم ڕووداوە لە نێوەندی ناوخۆیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری هەبووە. چاودێران و چالاکوانان دەڵێن ئەم جۆرە ڕووداوانە ئاماژەن بۆ "کەمیی ستانداردی سەلامەتی و نەبوونی تیمی فریاگوزاریی سەرەتایی" لە قوتابخانەکان، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەست و گوندەکاندا.
گیانلەدەستدانی ئەو قوتابییە جارێکی دیکە پرسی ئامادەیی ناوەندەکانی خوێندنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە تەندروستییە کتوپڕەکان و پێویستیی بوونی خولی فریاگوزاری بۆ مامۆستایان و ستافی قوتابخانەکان هێناوەتە پێشەوە، تاوەکو لە کاتی هاوشێوەدا بتوانن پێش گەیاندنی قوربانی بە نەخۆشخانە، هەوڵی ڕزگارکردنی ژیانی بدەن.