
شەهاب کەریمی کۆڵبەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی
ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە رێگای نێوان شارەکانی جوانڕۆ بۆ سەلاسی باوەجانی دوو ماشین پێکیاندا داوە و لەودا کۆڵبەرێک بە ناوی شەهاب کەریمی، ٢١ ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی یاقوجان، گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆڵبەرەکان توێژی کەمداهاتی کۆمەڵگان و لە بەرامبەر گواستنەوەی کۆڵ لە ناوچە سنوورییەکاندا بڕێ پارەیەک وەردەگرن. خۆیان دەڵێن، ئەگەر دەرفەتی ئیشوکاری گونجاو هەبێت، ڕوو لەو کارە ناکەن.
حکومەتی ئێران کۆڵبەری بە فەرمی ناناسێت و وەک هۆکارێک بۆ نائەمنی لە ناوچە سنوورییەکان تۆمەتباریان دەکات. ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لەوان دەکوژرێن و بریندار دەبن.
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانیکەم ٥١ کۆڵبەر لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێ گیانیان لەدەستداوە و ٢٤٦ کۆڵبەریش بریندار بوون.