کۆمەڵێک مامۆستا لە پارێزگای سنە هۆشداریان داوە، ئەگەر سزای سەر مامۆستا چالاکڤانەکان هەڵنەوەشێنرێنەوە، کۆسپەکانی بەردەم پلەبەندیی مامۆستا سزادراوەکان لانەدرێن و کۆتایی بە روانگەی ئەمنیی نەهێنرێت، بەشێوەی مەدەنی و بەکردەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
کۆمەڵێک مامۆستای قوتابخانەکانی پارێزگای سنە لە راگەیەنراوێکدا کە رۆژی ٦ی رێبەندانی ١٤٠٣ بڵاویان کردووەتەوە، دەڵێن: مامۆستا دەرکراو و سزادراوەکان لەلایەن "نادادگاکانی دەستەی سەرپێچییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەوە کەوتوونەتە بەر رق و تێنەگەیشتن و سەرکوت کراون."
ئەوان گوتوویانە: "بە راشکاوی بەرپرسانی ئاستی پارێزگای سنە و ئاستی ئێران ئاگادار دەکەین کە ئەگەر بەشێوەی جیدی بیر لە داواکارییە رەواکانمان نەکرێتەوە و لە ماوەیەکی کورتدا چارەسەر نەکرێن ... بەشێوەیەکی مەدەنی و بە کردەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕین."
بەپێی راگەیەنراوەکە، پاییزی ساڵی ١٤٠١ زیاتر لە ٧٠٠ مامۆستا کە لە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستاکاندا بەشدارییان کردبوو، موووچەیان لێ کەم کرایەوە، پاییزی هەمان ساڵ ٤٧ مامۆستا لە مافی پلەبەندیی بێبەش کران، زستانی ١٤٠١ ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای سنەیان هەڵوەشاندەوە و لە ساڵەکانی ١٤٠٢ و ١٤٠٣دا فەرمانگەکانی پەروەردە و قوتابخانەکانیان بە ئەمنی کرد، دۆسیەیان دژی زیاتر لە هەزار مامۆستا کردەوە و تاوەکو ئێستا دەیان مامۆستایان دەرکردووە یان سزای هەڵپەساردن، دوورخستنەوە، خانەنشینی ناچاری و... بەسەریاندا سەپاندوون.
ئەوان داواکارییەکانیان لە ٣ خاڵدا بەمجۆرە باس کردووە، ئەو بڕیارانەی کەوا دەستەکانی سەرپێچی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە دژی مامۆستاکان دەریکردوون، هەڵوەشێنرێنەوە و مامۆستاکان قەرەبوو بکرێنەوە، مافی پلەبەندیی بە مامۆستا چالاکڤانەکان بدرێت و کۆسپەکانی بەردەم بەرزکردنەوەی پلەی مامۆستاکان لابدرێن و زۆر پێویستە گۆڕانکاری بکرێت و روانگەی ئەمنیی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای سنەدا لاببرێت و ئارامیی بۆ ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بگەڕێنرێتەوە."
ئەو مامۆستایانە، هەڵسوکەوتی بەرپرسانی پەروەردەی پارێزگای سنە بە "رەش و بێزراو" لە قەڵەم دەدەن و دەڵێن: تەنانەت هەندێ لە بەرپرسانی ئاستی ئێرانیش پێناخۆشبوونی خۆیان لەوجۆرە هەڵسوکەوتە دەربڕیوە.
ئەوان گوتوویانە، ناڕەزایەتییەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی وەزارەتی پەروەردە و وەدیهاتنی دادپەروەریی بووە، بەڵام ساڵانێکە هاواری مامۆستاکان بۆ داخوازی و داوا رەواکانیان لەلایەن "بەرپرسە نالێهاتووەکانەوە" نابیسترێت و ئەمەش بووەتە هۆی هاتنە ئارای دۆخی ئێستا.
ئەوان دەڵێن لە ئاکامی ئەو دۆخەدا، بەملیۆن قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە، مامۆستاکان کێشەی دابینکردنی بژێوییان هەیە و ناچاران کاری دیکەش بکەن، خوێندن بووەتە چینایەتی، خوێندن بووەتە پارە، مامۆستای شارەزا لە پەروەردەدا زۆر کەمە، قوتابخانە کۆنەکان زۆر بوون و بوونەتە مەترسی بۆ سەر قوتابی و مامۆستاکان و...