بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاپورت/ مەترسی دیپۆرت كردنەوەی پێنج پەنابەری سیاسیی کورد له تورکیه و سوئد بۆ ئێران

مەترسیی دیپۆرتكردنەوەی سێ پەنابەری سیاسیی کورد له تورکیه بۆ ئێران له ئاڕادایه
ڕەسمی پێنج پەنابەری سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان که له سوئد و تورکیه مەترسی دیپۆرت کردنیان لەسەره
posted onMarch 25, 2024
noبۆچوون

ڕەشاد محەممەدی، ئەژین فەهمیدە حوسێنی، بیژەن (هلمت) مورادی، ئدریس هاشمی و نەرگس هاشمی، پێنج چالاکوانی سیاسی کوردن که مەترسیی دیپۆرتكردنەوەیان له تورکیه و سوئد بۆ ئێران لەسەرە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاڤاتودەی، ڕەشاد محەممەدی و هاوژینەکەی ئەژین فەهمیدە حوسێنی، هەفتەی ڕابردوو لە تورکیەوه لەلایەن پۆلیسەوه دەستبەسەر کراون و بۆ کەمپێکی نزیک شاری چناق قەڵا (چاناكالە) گواستراونەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخیان لەبەر دەست نییە.

ڕەشاد محەممەدی تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی کامێران و ئەژین فەهمیدە حوسێنی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری سەروئاوا، له چالاکانی سیاسی ڕۆژهەلاتی کوردستانن که به هۆی مەترسی گیانییەوه له ئێران هەڵهاتوون.

به وتەی شارەزایانی کاروباری پەنابەرانی سیاسی کورد، گواستنەوەی بەنابەرێک بۆ کەمپی کاتی یانی دەولەتی تورک دەیەوێت ئەو پەنابەره دیپۆرت بکاتەوه و لە ئەگەری نەبوونی گوشاری نێونەتەوەیی یان لایەنه مافی مروڤییەکان، بێ‌شک ڕادەستی ئێران دەکرێتەوه.

هەروەها بیژەن (هەڵمەت) مورادی، پەناخوازێکی دیکەی کورد، ڕووبەڕووی ئەم مەترسییە بووەتەوه بۆیه دڵنیا مەولوودزادە، هاوسەری بیژەن، بە بڵاو كردنەوەی پەیامێک داوای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووه به هانای هاوژینەکەی بێن چونکه له ئەگەری ڕادەست بوونی بیژەن به ئێران، لەگەڵ حوکمی لەسێدارەدان ڕووبەروو دەبێتەوه.

هەر لەم پەیوەندییە‌دا، ئدریس هاشمی و نەرگس هاشمی، دوو پەنابەری سیاسی کوردی دیکەی ڕۆژهەڵاتن که  لەگەڵ مەترسی جددی دیپۆرت بوون له سوئد بۆ ئێران، ڕووبەڕوو بوونەتەوه.

ئەو دوو پەنابەره به هۆی هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی له ئێران هەڵهاتوون و پەنایان بۆ سوئد بردووه، ئێستاش دەوڵەتی سوئد بریاری دیپۆرت کردنیانی داوه.