بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کوردێکی ڕۆژهەڵات خەڵاتی ساڵی پەنابەری وڵاتی فینلاندی وەرگرت

کوردێکی ڕۆژهەڵات خەڵاتی ساڵی پەنابەری وڵاتی فینلاندی وەرگرت
AvaToday caption
posted onSeptember 12, 2020
noبۆچوون

مام کوردنژاد ئیبڕاهیمی خەڵکی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و نیشتەجێی وڵاتی فینلاند، ئەو خەڵاتەی پێبەخشرا.

 

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوى کردەوە کە مام کوردنژاد ئیبڕاهیمی کەمئەندامی شەڕی نێوان کورد و سوپای پاسداران کە لە باری جەستەیی خانەنشین کرابوو، بێ هیوا نەبوو و بەردەوام هەوڵی دا بگەڕێتەوە بۆ سەر کار کە ئەم هەوڵ و تێکۆشانەی سەرنجی میدیای فینلاندی بۆ لای خۆی راکێشا.

 

مام کوردنژاد لە وڵامی پرسیارێکی هەواڵنێرێک کە پرسیی ئێوە دوای ئەو هەموو رووداوە ناخۆشیانەی ژیان چۆن توانیتان هەستنەوە و دیسان دەست بە ژیانێکی چالاک بکەنەوە گوتی: من لە وڵاتێکەوە هاتووم کە هەموو رۆژێ خەڵک لە بەر چاوی یەکتر ئیعدام دەکەن، لەوێ تەنانەت ژن و منداڵ ئیعدام دەکەن، لە زیندان دەستدرێژی دەکەنە سەر چالاکان و وێنەی ڕووتی ئەوان بڵاو دەکەنەوە. من لە کوردستانی ئێران ڕا هاتووم و بەرادەی پێویست هێزم هەیە کە هەستمەوە و ناهومێد نەبم.

مام کوردنژاد بە چاونیوزی گوتووە کە "زۆر خۆشحاڵم بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە و شانازی بە کورد بوونی خۆم دەکەم، من لێرە نەک هەر وەک ڕۆژهەڵاتییەک بەڵکوو وەک کوردێکی کوردستانی گەورە ئەم سەرکەوتنەم تۆمار کردووە و هیواخوازم هەموو کوردێک لە وڵاتانی جۆراوجۆر بە ئەمەگناسییەوە ببنە هێمایەک بۆ ئاشتی و ئازادی."

مام کورد

مام کوردنیژاد ئیبراهیمی، خەڵکی شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بەهۆکاری سیاسی بە ناچار وڵاتی خۆی بەجێهێشت، لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە لە وڵاتی فینلاند نیشتەجێیە و ئەندامی جێگری شوڕای شار و نێوبژیوانە لە شارەوانی یوتوبۆردا.

رێكخراوی “suomen pakolaisapu” لە وڵاتی فینلاند کە ساڵانە ژنێک و پیاوێک وەکوو پەنابەری ساڵ هەڵدەبژێرێت، فەرهیا عەبدی، ژنە کرێکاری سۆماڵییایی وەکوو ژنە پەنابەری ساڵ و مام کوردنەژاد ئیبراهیمی، وەرگێڕی وەکوو پیاوی پەنابەری ساڵ هەڵبژارد.