بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئاگرتێبەردانى دارستانەکانی زاگرۆس، پڕۆژەی تونێلسازی و بنکەسازی سوپای پاسداران

ئاگرتێبەردانى دارستانەکانی زاگرۆس، پڕۆژەی تونێلسازی و بنکەسازی سوپای پاسداران
AvaToday caption
posted onJune 2, 2020
noبۆچوون

گرینگی و رۆڵی دارستانەکان لە پاراستنی ئێکۆسیستەم و بەرژەوەندییە ژینگەییەکان ئەوەندە گرینگە کە هیچ جێگرەوەیەکی نییە. شێوەی بەهادان بە دارستانەکان دەتوانێ کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبێت لەسەر شێوەی مودیریەتکردنی ئاو و هەواى ناوچەیی.

 

ئەوەی هەیە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی هیچ گرینگییەک بە دارستانەکان نادات و لەبری چاوی ئێکۆسیستەمی، ڕوانینێکی تەواو ئێکۆئەمنیەتی بۆی هەیە. پڕۆژەی تونێلسازی سەربازی، لێدانی بنکە و بارەگای نهێنی، نەهێشتنی دارستان وەک شوێنی حاوانەوەی هێزی پێشمەرگە و جەنگاوەرانی کوردستان، بڕینەوەی دارستانەکان لە لایەن مافیای سوپا، ئەنجامدانی پڕۆژەی بیناسازی و بەنداوسازی و... هەموو بەشێکن لەو ڕوانینە ئێکۆئەمنیەتییە بۆ دارستانەکانی زاگرۆس بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لۆڕستانیشەوە، خوزستان و ئەهواز و بە گشتی ئەو شوێنانەی کە بە زاگرۆس دەناسرێتەوە.

تەنیا ٧%ى جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە دارستان داپۆشراوە. ناوچەی دارستانییەکانی زاگرۆس لە نێوان ١١ پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوە و نیزیکەی ٤٠%ى کۆی دارستانەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران لە خۆ دەگرێت. بە واتایەکی دیکە ٦ ملیۆن دۆنم لە کۆی ١١ ملیۆن دۆنم دارستان.

لەگەڵ ئەوەی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ڕێکخراوەی ژینگەپارێزی تایبەت بە پاراستنی ژینگە و دارستان هەیە کە ئەوە وەرزی هاوبەشی کاری هەموو ئەو پارێزگایانەی دیکەشە کە لێرەوارەکانی زاگرۆس دەیانگرێتەوە، بەڵام ئەوەی دەبیندرێ ئەوەیە دارستانەکانی ڕۆژهەڵات و بە گشتی زاگرۆس بەرەو لەناوچوون دەچن و ژینگەپارێزانیش یەک لە دواى یەک دەستبەسەر و دەخرێنە زیندانەوە.

زاگرۆش سوتان

یاسا و بودجەی کۆماری ئیسلامی

لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە ٨٠%ى سووتان و لەناوبردنی دارستانەکان دەستی راستەوخۆی سوپای پاسدارانی لە پشتە، بەڵام ڕژیم بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە بیرێکی لە حاڵی ژینگە کردووەتەوە، بودجەیەکی کەمی بۆ ئەو مەبەستە دیاری کردووە کە لەویش ڕێژەیەکی یەکجار کەمی بەراستی بۆ ئەو مەبەستە خەرج دەکرێت.

تەواوی ئەو بودجەی بۆ دامەزراوەی پاراستنی لەوڕەگە و دارستانەکان وەبەرچاو گیراوە، ٢٨٣ ملیار و ٢٣٥ ملیۆن تمەنە. بڕیار وایە ئەو بودجەیە لە بەرنامەکانی پاراستنی خاک، پەرەپێدان بە بەکارهێنانی ستاندارد لە دارستانەکان، بەهێزکردن کۆمەڵگە ناوچەییەکان (مەبەستی لە دارستانەکانی زاگرۆس لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، عەرەبستانی داگیرکراو و...!)، پاراستن و پشتیوانی لە سەرچاوە سرووشتییەکان و بابەتی دیکەدا خەرج بکرێت.

تەرخانکردنی ئەو بودجەیە لە کاتێکدا بە پێی لێکدانەوەی  ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی و کۆمەڵگەی مەدەنی تەنیا بۆ پۆشتەکردنی بنکەکانی ئاگالێبوون لە ژینگە بە کەرەسەی ئاگرکووژێنەوە و تێچووی فڕینی فرۆکەکانی تایبەت بە کوژانەوەی ئاگری دارستانەکان زیاتر لە ١٠٠ ملیارد تمەنی پێویستە.

گەچیاساران سوتان

ئەگەرچی ساڵی ڕابردوو بودجەیەکی ٢٠ ملیار تمەنی بۆ کوژانەوەی ئاگری دارستانەکان بە فڕۆکە تەرخان کرابوو، بەڵام  بە بەراوردکردنى بودجەى ساڵی ٩٥ کە ٣٠ ملیار تمەنى بۆ تەرخان کرابوو و لەو بڕەیەش تەنیا ٣ ملیاری گەیشتبووە دەستی ناوەندەکان، دەردەکەوێ کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە ئێستادا کە لەگەڵ کورتهێنانێکی زەبەلاحی بوودجە بەرەڕوو بووەتەوە، چەندی لەو پارەیە داوەتە ناوەندەکان!

یاسای پاراستنی خاک، گەڵاڵەی هەناسەی دارستانەکان، یاسای پاراستنی لەوەڕگەکان و ... هەموو لەگەڵ کێشە بەرەوڕوون. نە پێداویستی وەک دانانی کامێرا لە ناوچە پارێزراوەکان، نە زیادکردنی ژینگەپارێزانی حکومەتی بە مەبەستی دیتنەوە و سزادانی ئەوانەی خەسار بە دارستانەکان دەگەیەنن، نە سزای کاش و هیچ شتێکی دیکە بۆ کەمکردنەوە  و نەهێشتنی سووتاندن و لەناوبردنی دارستانەکان نییە.

سوپای پاسداران دارستانەکان دەسوتێنێ و لەناویان دەبات، قەرارگای خاتەمولئەنبیا دارستانەکان لەناو دەبات و پڕۆژەی بەنداوسازی دەباتە پێش، بەسیج دارستانەکان لەناو دەبات و بە شەریکایەتی لەگەڵ ئیتلاعاتی سوپا و مافیای سوپای پاسداران زەوییەکان داگیر دەکەن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە فەرماندەی یەکینەی تایبەت بە پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان بۆخۆی باس لەوە دەکات کە زیاتر لە ٩٠%ى ئاگرکەوتنەوەکان بە ئەنقەستە و هۆکاری ئینسانی لە پشتە، بەڵام ناوێرێ یان ناخوازێ باس لەوە بکات کە سوپای پاسداران ئەو کارە دەکات.

زاگرۆس سوتاااا

لە کۆی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییە کە لە دارستانەکانی زاگرۆس لە پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەتا دەگاتە گەچسارانی کەهگیلویە و بویرئەحمەد و هەتا دەچێتەوە دارستانەکانی سیاکێو لە بوشێهر، بە هۆى تەقەکردنی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕژیم بووە کە ئاگریان گرتووە.

تەنیا لە یەک حەوتووی رابردوودا ٥٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕووی داوە و بە هۆیەوە هەزاران دۆنم لە دارستانەکانی مەریوان، بانە، پاوە، ئیلام، لۆڕستان هەتا دەگاتەوە خوزستان بوونەتە سکڵ و نەماون.

بەرپرسە مافیا و گەندەڵەکانی ڕژیم و کەسانی وەک سمایل نەجار سەرۆکی یەکەی قەیرانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن: کەمبوونی فڕۆکە و پشتیوانینەکردن لە هێزە خەڵکییەکان بۆ کوژانەوەی ئاگرەکان و ناکۆکی لەسەر بڕی بودجەکان لە نێو بەرپرسانی ڕژیم هۆکاری سەرەکی سووتانی دارستانەکانن.

ئێستا دەبێ لە بەرپرسە دز و مافیاو دژی گەلانیە وەک کورد و عەرەب و بەلوچ و تورکەکان بپرسین  تا کاتێک ناوەندی وەک ئاستانی قودسی رەزەوی بۆ دابینکردنی پیشەسازی دار، دارستانەکان لەناو ببات و تا ئەو کاتەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا بەشی سەرەکی بازرگانییەکەی لە لەسەر دارستانەکان بێت، ئاخۆ دەتوانین دڵخۆش بین بە کۆماری ئیسلامی کە بیهەوێت بە جدی ڕێگری لەنێوچوونی دارستانەکان بکات؟

بێگومان نا!

کوردستان دەسووتێت