تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

سێدارەدانى بە کۆمەڵ لە ئەهواز

سێدارەدانى بە کۆمەڵ لە ئەهواز
لە پاش هێرشکردنە سەر مانۆڕى سوپاى پاسداران گرتن و لەسێدارەدانى بەناهەق لە ئەهواز زیادى کردووە
posted onNovember 12, 2018
noتعليق

 

ڕێکخراوێکى مافی مرۆڤى ئێران ئاشکراى دەکات "دەسەڵاتدارانى ڕژێمى ئێران پرۆسەیەکى لە سێدارەدانى بە کۆمەڵ لە هاووڵاتیانى عەرەبی ئەهواز ئەنجام داوە، بە بێ ئەوەى پێشوەختە بنەماڵەکانیان ئاگادار بکاتەوە".

 

ڕێکخراوى مافی مرۆڤی ئەهواز لە ڕاگەینراوێکدا ئاماژەى بەوەش داوە "دەسەڵاتداران ڕۆژى پێنجشەممە ٢٢ هاوڵاتی ئەهوازی لە گرتووخانەى ناوەندی ئەهواز لەسێدارە داوە".

سەرەڕاى کوژرانى ئەنجامدەرانى هێرشەکەى مانۆرە سەربازییەکەى شارى ئەهواز لە 22 ئەیلوول (ڕەزبەر)ی ڕابردوو، بەڵام وەزارەتى ئیتلاعاتی ئێران بە تۆمەتی تێوەگڵان لەو کردەوە چەکدارییە لە سێدارەدراوانى دەستگیر کردبوون. ئەو کات ڕێکخراوى داعش بەرپرسیارێتى خۆى لەو هێرشە گرتە ئەستۆ و دواى چەند ڕۆژێکیش گرتەیەکى ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە، کە چۆن پلان و کاری هێرشەکە ئەنجام دەدەن، بەڵام بە گووتەى ڕێکخراوەکەى مافی مرۆڤ "دەسەڵاتداران ئەو کردەوەیان بە بیانوویەک بەدەستەوەیە بۆ ئەوەى ئیتلاعات و سوپاى پاسداران هەڵمەتى دەستگیرکردن لەشارە عەرەبییەکانى ئەهواز ئەنجام بدات".

گووتیشى "بەهۆى ئەو ڕەشبگیرییەوە سەرووى ٨٠٠ کەس لە هاووڵاتیانى عەرەبی ئەهوازی لە ماوەى دوو مانگدا دەستگیر کراوە، لە نێویاندا پیاوانى بەتەمەن و گەنج و منداڵ و ئافرەت و چالاکوانى کۆمەڵگەى مەدەنی و هاووڵاتیانى ئاسایی هەیە"، باسى لەوەش کردووە "لەنێو سێدارەدراوانیشدا مەحمەد موئمینى تیماس کە بەئەبو نەسار (تەمەن ٥٨ ساڵ) و دانیشتووى گەڕەکی شەکارەى ئەهوازە، کە هاوکات بەڕێوەبەرى دامەزراوەى شەمسی باشوور بووە، لەگەڵ کوڕەکەى نەسار موئمینى تیماس، ئەحمەد حەیدەرى کوڕی عەبود (تەمەەن ٣٠ ساڵ)ـى دانیشتووى گەڕەکی کەمبلو، و حاتم سوارى (تەمەن ٢٤ ساڵ) دانیشتووى گەڕەکی عەلوی ئەهوازن".

لە ماوەى ٤٥ ڕۆژ ئەو لەسێدارەدراوانە بە هەموو شێوەیەک لە گرتووخانەکانى هەواڵگری ئەشکەنجە دراون و، بەزۆرەملێ واژوویان لەسەر دانپێنانەکاندا پێ کراوە و، لە دادگایەکى شانۆیی و نادادوەرى بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو. لەدواى لەسێدارەدانى ئەو 22 کەسایەتییەش، فەرمانگەى هەواڵگری هەرێمەکە بەشێک لە بنەماڵەکانیان ئاگادار کردەوە لە سێدارەدانى ڕۆڵەکانیان و، ڕێگەشی لێگرتوون پرسە بۆ قوربانیان دانێن. تاو ئێستاش هیچ ڕاگەینراوێکی فەرمیی لە لایەن دەسەڵاتدارانى دادوەری یاخود بەرپرسانى گرتووخانەى ناوەندی، یاخود داواکاری گشتى دادگاى ئەهواز دەرنەچووە.

هەواڵگری ڕژێمى ئیسلامی بۆ پشتڕاستکردنەوەى هەڵمەتەکەى گرتەى ڤیدیۆییەکى لەسەر دەستگیر کردنى ئەو ٢٢  کەسایەتییە عەرەبییە بڵاو کردەوە، بە گووتەى خۆى " ەیوەندییان لەگەڵ ئەنجامدەرانى هێرشەکەى کۆتاییەکانى ئەیلوول هەبووەو، چەندین قەبارەى تەقینەوەو کەرستەى سەربازییان پێ بووە"، بەڵام بەشێک لە دامەزراوەو پارتە سیاسییەکان و کەسایەتییەکان هیما بەوە دەکەن "خودى هەواڵگری ئێران لە هێرشەکەى مانۆرە سەربازییەکەى ئەهواز تێوە گڵاوە، بۆ ئەوەى چەواشە بۆ تێروانینى جیهان دروست بکات و، چاوەکانیش لە قەیرانە ناوخۆییەکان بەدوور بێت".

ڕێکخراوى مافی مرۆڤی ئەهواز لە کۆتایی ڕاگەینراوەکەیدا دووپاتی دەکاتەوە "بە هەموو شێوەیەک ئیدانەى ئەو لەسێدارەدانە بەکۆمەڵە دەکەن، کە بە شێوەیەکى شانۆیی  دادگایی کراون و، لە پاڵ ئەوانەش بەهەموو شێوەیەک ئەشکەنجە دراون، بۆ ئەوەى بە زۆر دانپێنانیان لێوەربگرن".