تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

سەرکردەکانى ئێران و دووبارەکردنەوەى سیناریۆی سەدام حوسێن

سەرکردەکانى ئێران و دووبارەکردنەوەى سیناریۆی سەدام حوسێن
کۆمارى ئیسلامی جارێک پەنا بۆ دیالۆگێکى ڕاستەوخۆ دەبات و جارێکى تر بانگەشەى جەنگی ڕزگارکردنى قودس دەکا
posted onNovember 6, 2018
noتعليق

 

دواى  جێبەجێکردنى سزا ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بە سەر کۆمارى ئیسلامی ئێران، بەرپرسانى تاران کۆمەڵێک نامەو پەیامى بێسەروبەریان ئاراستەى کۆمەڵگەى جیهانی و شەقامی ناوخۆیی کرد بۆ ئەوەى نیشانی بدەن "کە ئەوان بەسەر سزاکانى ئەمەریکا سەرکەوتوون".

 

بەسزادانى سەرووى  ٧٠٠ کۆمپانیاو کەسایەتى و دامەزراوەى کۆماری ئیسلامی، پێناچێت سەرکردەکانى ئەو وڵاتە بژارەى زۆریان لەبەردەست بێت بۆ چارەسەرى ئەو ئاڵۆزی و قەیرانەى بەرۆکى گرتوون. لەگەڵ هاتنى سیستەمی سوێفت بەسەر هێڵى قەیرانەکانى تاران و واشنتۆن، بارگرانییەکانى ئێران ئەوەندەى دیکە قورس بوون، کە پێشبینى دەکرێت "ئەو وڵاتە بە تەواوەتى لە جیهانى واقیع داببڕدرێت و گۆشەگیرییەکانى رێگەى هەناسەدانیشى نەدات".

سوێفت، کە دامەزراوەیەکى دارایی جیهانییە و سەرجەم بانکە ناوەندییەکان و دامەزراوە داراییەکانی جیهان بە یەکەوە دەبەستێتەوە و کارى حەواڵەکردن و مامەڵە داراییەکان ئاسانتر دەکات، بەڵام ئەو دامەزراوەیە هێماکانى بەدەرکردنى ئێران لە سیستەمەکەى، مەترسییەکى گەورەیە بۆ بەرپرسە گەورەکانى تاران کە چوار دەیە زیاترە بازرگانى بە سامانى خەڵکەوە دەکەن.

لە سەروبەندی سەپاندنی سزاکانى ئەمریکا بە سەریدا ئێران هەمان سیناریۆی سەدام حوسێن، سەرۆکى رژێمى پێشووى عێراق دووبارە دەکاتەوە کە لە کۆتاییەکانى سەدەى بیستەم دژى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى پەیڕەوى دەکرد. تەنانەت مڵهوڕییەکانى سەدام حوسێن، گەیشتبووە ئاستێک خەڵکەکەى کوشتبوو لە برسان، بەڵام خۆیشى درێژەى بە دروستکردنى کوشک و تەلارو کۆکردنەوەى سامانی گشتى دابوو.

سیاسییەکانى تاران، تا ئێستا بە وردى خەمڵاندنى تەواو و دروستیان بۆ سیاسەتە نوێیەکانى ئەمریکاو ڕۆژئاوا بە گشتى نەکردووە، ئێستاش سوورن لەوەى "واشنتۆن لە بەردەمیان کرڕنۆش دەبات و، سزاکان شکست دەهێنێت"، بەڵام کاردانەوەکانى بازاڕیان لەبیر چووە، کە چ قەیرانێکى بۆ هاووڵاتیانیان دروست بووە، لە گرانی نرخى کاڵا بنەڕەتییەکان، داڕمانى بەهاى تمەن و، لاوازبوونى توانای کڕینى هاووڵاتیان.

کۆمارى ئیسلامی جارێک پەنا بۆ دیالۆگێکى ڕاستەوخۆ دەبات، جارێکى دیکەش بانگەشەى جەنگی ڕزگارکردنى قودس، لە هەندێک کاتیشدا داواى خۆڕاگرى و دانبەخۆداگرتن لە خەڵکەکەى دەکات، بەڵام چاودێران پێیان وایە "ئەو ڕێگایەى ئێران پێیدا دەڕوان، هاوشێوەى ڕێگاکەى ڕژێمەکەى سەدام حوسێنە، کە سزا ئابوورییەکان درێژەیان دەبێت و، تا دێت تووندتر دەکرێت، کە ئەگەرى بە داڕمانى رژێمەکەى کۆتایی بێت".

هێماشان بەوە کردووە "ئێران بە لێخۆشبوونى ژمارەیەک وڵات لە کڕینى نەوتەکەى خۆى هەڵدەخەڵتێنێت، چونکە ئەو هەڵوێستانە کاریگەرییان لەسەر هەوڵەکانى ئەمریکا نابێت، بەڵکو هەنگاوەکان بەرەو نەوت بەرامبەر خۆراک دەچن، کە پێشتر بەسەر عێراقدا سەپێنراوە".

ئیدارەى کوشکى سپی، رێگەى بە ژمارەیەک وڵات داوە بەردەوام بن لە کڕینى نەوتى ئێران بە مەرجێک لە ئاستە نزمەکانی بێت و، لەهەمان کاتیشدا مامەڵەکانیان بە دۆلاری ئەمریکى نەبێت، ئەو وڵاتانەش بریتین لە "چین، هیندستان، کۆریاى باشوور، ژاپۆن، تایوان، یۆنان، ئیتالیا، تورکیا" و عێراقیش کە دراوسێی ڕۆژئاواى ئێرانە ڕێگەى پێ دراوە بە شێوەیەکى کاتى غازی سروشتى بۆ وێستگەکانى لەو وڵاتە هاوردە بکات.

سەرکردەکانى تاران خەڵکەکانیان وا تێگەیاندووە کە "ململانێیەکانیان لەسەر بنەماى مڵهوری دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمریکا دژى شۆڕشەکەیانە نەوەک هەڵەکانی خۆیان کە ماوەى چل ساڵە هیچ شتێکى ئەوتۆیان بەگەلەکەیان پێشکەش نەکردووە"، حەسەن ڕوحانی سەرۆککۆماری ئێران تاڕادەیەک نیوەى راستییەکانى بۆ خەڵکەکەى ئاشکرا کردووە کاتێک رایگەیاند "ئەمڕۆ ئەمریکاى دوژمن، ئابوورى کردووەتە ئامانجی، کە پێگەیەکى سەرەکیی سزاکانە، کە ئەویش گەلەکەمانە".

لەدواى ئایاری رابردووەوە، کە وادەى کشانەوەى ئیدارەى کوشکی سپی بوون لەرێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥، ئابوورى ئەو وڵاتە رووبەرووى پاشەکشێی بەردەوام و بەرزبوونەوەى خێرای هەڵاوسان بووەتەوە، لە بەرامبەریشدا ئاستى هەناردەکردن بەشێوەیەکى بەرچاو لەدابەزین دایەو، بەهاى تمەنیش نزیکەى سەدا ٧٥ـى بەهاکەى لە دەست داوە.

چاوەڕوانیش بکرێت، سزاکانى ئەمریکا لەماوەى داهاتوو تووندتر بکرێت و، کۆمەڵێکى نوێی سزاش دژى تاران بخرێنەروو، کەپێشبینی دەکرێت ئەو قۆناغەش لەدواى بەهار کەسەری ساڵى نوێی فارسییە دەستپێبکاتەوە.