تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

عێراق تووڕە بوو بە تویتێکى ئەمریکا دژى ئێران

عێراق تووڕە بوو بە تویتێکى ئەمریکا دژى ئێران
واشنتۆن: ٦ ڕۆژ ماوە بۆ وادەى کۆتایی سەپاندنی سزاکان، ئەمەش شەشەمین داواکارییە
posted onNovember 4, 2018
noتعليق

 

ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێگەى باڵیۆزخانەى خۆى لە بەغدای پایتەختى عێراق داواى لە ڕژێمى کۆمارى ئیسلامی ئێرانی کردووە "ڕێز لە سەروەرى عێراق بگرێت و دەست وەرنەداتە کاروبارى سیاسی و ئەمنی ئەو وڵاتە".

 

لەبەرامبەریشدا وەزارەتى دەرەوەى حکومەتى بەغدا ڕەخنەى لە لێدوانەکانى ئەو باڵیۆزخانەیە گرتووەو، پێی وابووە ئەوە "دەستێوەردانە لەکاروباری ناوخۆییان". باڵیۆزخانەى واشنتۆن لە تۆڕی تویتەر بڵاوی کردووەتەوە "شەش رۆژ ماوە بۆ وادەى کۆتایی سەپاندنی سزاکان، ئەمەش شەشەمین داواکارییە، بۆ ئەوەى ڕژێمى ئێران وەک دەوڵەتێکى ئاسایی مامەڵە بکات".

لەهەمان نووسیندا کە لە زنجیرەیەک نووسین پێک هاتووە نووسیویەتى "پێویستە رژێمى ئێرانى ڕێز لە سەروەرى حکومەتى عێراقی بگرێت و، رێگە بدات میلیشیا تایفییەکان لە چەک ڕاماڵێن و ڕەوانەى ماڵەوە بکرێنەوە یاخود تێکەڵ بکرێنەوە"، بەڵام وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە ڕاگەینراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات "ئەوە دەستێوەردانە لەکاروبارى ناوخۆیی بەغدا"، کە بەرگرییەکى ڕوونى ئەو وەزارەتەیە لە میلیشیا نزیکەکانى ئێران لەخاکەکەى.

بڕیارە بەرەبەیانى دووشەممە سزاکانى واشنتۆن دژى تاران بچنە بوارى جێبەجێکردنەوە و، ئابلووقە بخرێتە سەر کەرتى وزەو نەوت و بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە، ئەمەش مەترسیی لەنێوخۆى بەغدا دروست کردووە، چونکە زۆربەى پێداویستییەکانى خۆى لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، بە تایبەت غازی سروشتى بۆ بەگەڕخستنى وێستگەکانى کارەبا. تەنانەت وەزارەتى دەرەوەى عێراق داواى لە باڵیۆزخانەى ئەمەریکا کردووە "ئەو تویتە بسڕێتەوە".

هەر یەک لە واشنتۆن و تاران لەدواى ٢٠٠٣ـەوە، ململانێیەکى تووند لە گۆڕەپانى عێراقی ئەنجام دەدەن و، هەوڵ دەدەن، ئەو وڵاتە بۆ بەرەى خۆیان رابکێشن. چاودێرانى سیاسی پێیان وایە "عێراق لە دواى ڕووخاندنى ڕژێمەکەى سەدام حوسێن، بە تەواوەتى کەوتۆتە ژێر کاریگەریى دەسەڵاتەکانى ئێران و، لە لایەن بەرپرسە سەربازییەکانى تارانەوە بەتایبەت قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپاى قودس بەرێوە دەبردرێت".

هەرچەندە میلیشیا شیعیەکانى عێراق لەپاڵ هێزە ئەمەریکییەکان شەڕى دژى داعشیان ئەنجام داوە، بەڵام واشنتۆن سوورە لە چەکداماڵینیان یاخود تێکەڵکردنیان لە نێو دامەزراوەى سەربازیی فەرمیی عێراقدا، بۆ ئەوەى کاریگەرییان لەسەر رێڕەوی سیاسی بەغدا نەبێت و، لەلایەن ئێرانیشەوە وەک کارتى فشار هاوشێوەى حزبوڵای لوبنانى بە کار نەهێنرێت.

بەرپرسانى حکومەتى بەغدا لەبارەى سزاکانى ئەمریکاوە ئاشکرایان کردووە "واشنتۆن لایەنى عێراقی ئاگادار کردۆتەوە، بەوەى دەتوانن درێژە بە هاوردەکانیان لەگەڵ ئێران بدەن، بە مەرجێک سەرجەم مامەڵەکانیان بە دۆلاری ئەمریکى نەبێت".

هەرچەندە بەرپرسانى بانکی ناوەندی لە ئاب (خەرمانان)ی ڕابردوو جەختى لەوە کردبوویەوە " پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ئێران ئەوەندە بەهێزە، ناتوانن ملکەچى سەرجەم سزاکانى ئەمریکا بن"، بەڵام حکومەت ئامادەیی نیشاندا بەوەى پابەندی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر ئێران دەبن.