هێزەکانى سوریەى دیموکراتیک (هەسەدە) ئەمڕۆ بڵاوى کردەوە کە بە هۆى هێرشەکانى سوپاى تورکیە، زیاتر لە ٨٩٥ تیرۆریستى داعش کە لە کەمپێکى ئەو شارەدا زیندانى کرابوون، دەستیان بە گێرەشێوێنى کردووە و توانیویانە لە نێو کەمپ و زیندانەکە ڕابکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە چەندین رۆژە هێزە کوردییەکان دونیا لەو مەترسییە گەورەیە ئاگادار دەکەنەوە کە ئۆپەراسیۆنەکەى سوپاى تورکیە کە لە ژێر ناوى "کانى ئاشتى" یەکێک لە ئامانجەکانى ئازادکردنى ئەو داعشیانەیە کە لە نێو زیندانەکانى هەسەدەدان.
شایەنى باسە شەڕى زیاتر لە چوار سالى ڕابردوو لەگەڵ داعش، زیاتر لە ١٠ هەزار چەکدارى گرووپى ئیسلامى لە عێراق و شام کە بە داعش ناسرابوو، دەستبەسەر کران و لە نێو زیندانى تایبەت پارێزران و زۆرینەى بنەماڵەى ئەم داعشانەش خرانە نێو کەمپى پارێزراوەوە. ئێستا تورکیا بەنیازى ئازادکردنى ئەم داعشانەیە، هەر لەبەر ئەوەشە چەندین هێرشى بە مەبەستى ئازادکردنیان ئەنجام داوە و بە دووەم ڕۆژى ئۆپەراسیۆنەکە بە خومپارە هێرشى کردە سەر زیندانێکیان.
مارک ڕۆبیۆ سیناتۆرى فلۆریداى ئەمریکا لە تویتێکدا نووسى "لە کاتێکدائەو هێزە چەکدارانەى تورکیا پاڵپشتییان لێ دەکات لە شارێکى ڕۆژئاوا، نزیک دەبنەوە، ٧٠٠ ئەندامى داعش ڕایان کردووە. هێزەکانى ئەردۆغان فیلمى سەربڕینى کوردەکان تۆمار دەکەن. هێزەکانى ئەمریکا لەژێر مەترسى جدیدان".
مستەفا بالی، گوتەبێژی هێزەکانی هەسەدە لە توویتێکدا نووسیبووى کە "بەنزیکەیی، هەموو چەکدارە گومانلێکراوەکانی داعش لە کەمپی عەین عیسا هەڵاتوون".