نوێترین راپۆرتى وەزارەتى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان دەری خستووە "ئێران لەساڵى 2017 گەورەترین وڵاتى پاڵپشتیکەرى تیرۆریزم بووە لە جیهاندا".
ئاماژەى بەوەش داوە "سوپای پاسداران و گرووپی حیزبوڵای لوبنان بەکارهێنراون بۆ ئەوەى کارى تیرۆریستى و ناسەقامگیری ئەنجام بدەن". راپۆرتەکەى ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانى واشنتۆن بۆ سنووردارکردنى چالاکییە تێکدەرانەکانی ئێران و رێگرى لەچالاکییە تێرۆریستییەکانی لە ناوچەکە.
تاران پاڵپشتى میلیشیا شیێەکانى هەریەک لە لوبنان، عێراق، سووریا و یەمەن دەکات، بۆ ئەوەى لەبرى کۆمارى ئیسلامى شەڕی سیستەم و دەسەڵاتى ئەو وڵاتانە بکەن. لە پاڵ پارەدارکردنى دارایی، کۆماری ئیسلامی چەک و ڕاهێنان هاوشێوەى حیزبوڵا بۆ میلیشیاکان دابین کردووە، بە تایبەت بۆ پێکهاتەکانى حەشدی شەعبی عێراق و میلیشیا فرەناسنامەکانى نێو سوریا و حوسییەکانى یەمەن.
میلیشیا شیێەکانى لوبنان، عێراق، سووریا و یەمەن لەبرى کۆمارى ئیسلامى شەڕی سیستەم و دەسەڵاتى وڵاتەکانیان دەکەن
لە ماوەى رابردوودا سوپای پاسداران هەوڵى چەندین کردەوەى تیرۆریستى لە نێو بەحرەین داوە و، تەنانەت دووبەرەکی تایفی لە مەنامە دروست کرد کەهەمووی لە رێگەى پاڵپشتى گرووپە شێعە توندەڕەوەکانەوە بوو. بە پێی زانیارییەکانیش تاران چەندین مووشەکى رادەستى یاخیبووە حوسییەکان کردووە، بۆ ئەوەی هێرشى مووشەکی بۆ نێو سعودیە ئەنجام بدەن.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا هۆشداریی ئەوەشی داوە "ڕێکخستنەکانى داعش و قاعیدە و لایەنگرانى، توانیویانە زیانەکانیان لەو جەنگەى دژیان بەرپا کرا هەڵمژن و، ئێستا سیاسەتێکى نوێ پەیڕەو دەکەن کە ئەمەش جموجوڵی سەربازی دژیان ئەستەم دەکات". لە راپۆرتی ساڵانەى جەنگی ئەمەریکا دژى تیرۆر لەسەرتاسەرى جیهاندا راگەینراوە " هێرشى توندڕەوەکان لەسەر ئاستى جیهان لەساڵى رابردوو بەبەراورد لەگەڵ ٢٠١٦ بەسەدا ٢٣ پاشەکشێی کردووە، هاوکات رێژەى کوژراوانیش بەسەدا ٢٧ دابەزیوە".
ناسان سیلز، رێکخەرى ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر، کە نووسینگەى راپۆرتەکەى بڵاوکردۆتەوە جەخت لەوە دەکات "هۆکارى سەرەکیی پاشەکشێ کردنى هێرشى توندڕەوەکان بەهۆى لاوازبوونى توندڕەوانە لەعێراق کەبەشێوەیەکى ریشەیی لێیان دراوە". بە هۆى پاڵپشتىکردنى هێزە سەربازییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشێکى زۆری میلیشیا شیعە نزیکەکانى ئێران، توانیان زۆربەى خاکەکانى ژێر دەستى داعش لەباکوورى رۆژئاواى عێراق کۆنترۆڵ بکەنەوەو، بەرەو نێو خاکی سووریا دەریان بکەن.