تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

بۆ دووەم جار لە عێراق سوپای پاسداران کرایە ئامانج

بۆ دووەم جار لە عێراق سوپای پاسداران کرایە ئامانج
AvaToday caption
posted onJuly 28, 2019
noتعليق

به‌رپرسێكی ئه‌منی عێراق كوژرانی نزیكه‌ی ٤٠ چه‌كداری سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و ملشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی نزیك له ڕژێمی ئێران ڕاگەیاند کە به‌هۆی هێرشێكی ئاسمانی نه‌ناسراوه‌وە کوژراون.

به‌گووته‌ی به‌رپرسێکى ئەمنى عێراق، ئه‌و هێرشه‌ بۆ سه‌ر سه‌ربازگه‌یه‌كی پارێزگای دیاله‌، هاوسنووری له‌گه‌ڵی كۆماری ئیسلامی ئێران بووه‌. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌متر له‌یه‌ك مانگ دووه‌م هێرشی نه‌ناسراوە کە بكرێته‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌كانی ملشیاكانی سوپای پاسداران و حه‌شدی شه‌عبی له‌نێو خاكی عێراق.

ئه‌فسه‌رێك به‌پله‌ی موقه‌ده‌م له‌پۆلیسی دیاله‌، به‌ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی گووت " فرۆكه‌یه‌كی نه‌ناسراو ئه‌مشه‌و هێرشی كرده‌ سه‌ر سه‌ربازگه‌ی ئه‌بو مونته‌زه‌ر مه‌حمه‌داوی، سه‌ر به‌میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی". ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ پێشتر شوێنی مانه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی موجاهیدینی خه‌ڵقی ئێرانی بوون و، ناویشی سه‌ربازگه‌ی (ئه‌شره‌ف) بوو.

هێماشی به‌وه‌ كرد "زانیارییه‌ به‌راییه‌كان ده‌ریانخستووه‌، هێرشه‌كه‌ كراوه‌ سه‌ر دوو پێگه‌ له‌نێو سه‌ربازگه‌كه:

یه‌كه‌میان: كۆگای مووشه‌ك

دووەمیان: کۆبوونەوەیەکى گه‌وره‌ی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی و ملیشیا ئێرانییه‌كان و، ئه‌فسه‌رانی سوپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنانی

به‌و هۆیه‌وه‌ش نزیكه‌ی ٤٠ كه‌س كوژراوه‌ و ده‌یانی دیكه‌ش بریندار بوونه‌.

ئه‌فسه‌ره‌ عێراقییه‌كه‌ هێمای به‌وه‌ كرد "ئۆتۆمبێله‌كانی فریاكه‌وتن و، فڕۆكه‌ عێراقییه‌كان، بریندارەکانیان بۆ به‌غداو نه‌خۆشخانه‌ی باقوبه‌ و سه‌نته‌ری پارێزگای دیاله‌ گواستووەته‌وه‌". هەروەها ئەوەش زانراوە کە "زۆربه‌ی كوژراوانی ئه‌و هێرشه‌ له‌ سوپای قودس و بەسیج و، چه‌كدارانی حیزبوڵان".

تایبه‌ت به‌و پرسه‌ش، زانیارییه‌ ئاشكرا‌كان وەهان کە "ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ی كراوه‌ته‌ ئامانج، یه‌كێكه‌ له‌ موڵگه‌كانی ملیشیاكان و سوپای پاسداران له ‌پارێزگای دیاله‌ و ملیشیاكانی به‌درى‌ هادی عامری به‌رێوه‌ ده‌بەن".

جگه‌ له‌ ملیشیاكانی به‌در، چه‌كدارانی عه‌سائیبی ئه‌هلى حه‌ق و نوجه‌بائیش له‌وێ جێگیر كراون، چونكه‌ ناوه‌ندی راهێنانی سوپای قودس و حیزبوڵایه‌ بۆ چه‌كداره‌ عێراقییه‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی رژێمی ئێران ڕە‌وانه‌ی سووریاو یه‌مه‌نیان ده‌كات. سه‌ربازگه‌ی مه‌حمه‌داوی، چه‌ندین پێگه‌ی ته‌قاندنی مووشه‌ك و كۆگای مووشه‌كی تێدایە كه‌ سوپای قودس له‌ چه‌ند مانگی رابردوو، چه‌ندین مووشه‌كی مه‌ودای جۆراجۆری له‌و سه‌ربازگه‌یه‌ جێگیر كرد.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ له‌لایه‌ن ملیشیاكانه‌وه‌ چۆڵ كراوە و، دانیشتووانه‌ ڕە‌سه‌نه‌كانیان ده‌ركرون و، له‌جیاتی ئه‌وان خێزانی ملیشیاكان جێگیر کراون، به‌تایبه‌ت كادیرانی سوپای قودس و حیزبوڵای لوبنانی. به‌شێك له‌و گردبوونه‌وه‌یه‌ کە ئەمڕۆ كرایه‌ ئامانج، له‌ هێزه‌كانی بەسیجى کۆمارى ئیسلامى پێك هاتبوون كه‌ ئاماده‌سازییان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و سووریا به‌ڕێ بكه‌ون، هەر لەبەر ئەمەیشە کە له‌نێو كوژراوانیش ئه‌فسه‌رانی سوپای قودس و حیزبوڵا دەبینرێن. هه‌ر دوای هێرشه‌كه‌ش حه‌شدی شه‌عبی ناوچه‌كه‌ی گه‌مارۆ دراوە  و ڕێگه‌ نه‌دراوه‌ كه‌س بچێته‌ نێو سه‌ربازگه‌كه‌.

له‌ ١٩ى ئه‌م مانگه‌، فڕۆكه‌یه‌كی نه‌ناسراو کە زۆرێک ده‌ڵێن ئیسرائیلى بووە و تا ئێستا پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌، سه‌ربازگه‌یه‌كی ملیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له ‌پارێزگای سه‌لاحه‌دین له‌ناوچه‌ی ئامرلی کردە ئامانج كه‌ زۆربه‌ی چه‌كداره‌كانیان توركمانه‌ شێعه‌كانن و لە ئەنجامیشدا چەندین کەس کە چواریان ئێرانى و سه‌رپه‌رشتیاری پیشه‌سازی مووشه‌ك بوون، کوژران.