تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ڕژێمی ئێران چەقۆى بۆ شەڕ لەگەڵ زلهێزەکان تیژتر کرد

ڕژێمی ئێران چەقۆى بۆ شەڕ لەگەڵ زلهێزەکان تیژتر کرد
AvaToday caption
posted onJuly 11, 2019
noتعليق

 

ئاڤاتودەی

 

کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەنگاوێکی هاندەرانەی دیکە دژی ئاسایشی کەنداوی فارس، هەوڵی داوە بە بەلەمەکانی خۆی نەوتەڵگری بەریتانیایی "هریتج" کە هی کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیومە بەرەو کەنارەکانی ئێران ڕابکێشێت. دەوڵەتی بەریتانیا و هێزەسەربازییەکانی ئەم وڵاتە، ئەم هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام سوپای پاسداران ڕەتیکردووتەوە. ڕەتکردنەوەیێک کە هەڵکەوتەی شکستی ئێران لە گەیشتن بەم ئامانجە مەترسیدارەیە.

ڕۆژی چوارشەمە ۲۰ی پووشپەڕ کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدا ئەم هەوڵەی داوە کە هەر لەم ڕۆژە حەسەن ڕۆحانی سەرۆکۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی حەفتانەی دەوڵەتەکەی، بەریتانیای بە "گەمژەیی" تۆمەتبار کرد و تەنانەت لێیانی پرسی " مەگەر ئێوە نەخۆشن؟" کە بۆ ئۆسکۆرتی نەوتهەڵگرێکی خۆتان کەشتی شەڕکەر دەهێننە نێو ئاوەکانی ئەم ناوچە، و هەروەها بانگەشەی ئەوەشی کردبوو کە لەپێشدا بەریتانیا  بەرپرسی هەر کردەوەیێک لە ناوچەکەیە کە هاندەرانە بێت بۆ کشانەوەی زیاتری ئێران بۆ تێکهەڵچوون.

ڕۆحانی ئەم قسانەی لە ڕۆژێکدا گوت کە ئیمانۆئێل بێن، ڕاوێژکاری ئیمانۆئێل مەکرۆن سەرکۆماری فەڕانسە و دیپلۆماتێک کە خۆی پێشتر باڵیۆزی فەڕانسە لە ئێران بوو، لە ئەرکێکی گرنگ کە پێ ڕاسپێردرا بوو، لە تاران لەگەڵ تاقمێک لە بەرپرسانی ئاسایشی ڕژێمی ئێران وەک شەمخانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی چاوپێکەوتن و وتووێژی هەبوو تا ڕەنگە پێش بە قووڵتربوونی قەیرانی ئێستا و هەڵگیرسانی شەڕێکی نەخوازراو بگرێت.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کە پێشتر و پێش لە ڕاگەینراوی ڕەتکردنەوەی سوپای پاسداران، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە ڕژێمی ئێران جووڵەیێکی نوێی نەبووە کە دژی ئاسایشی ئاوەکانی کەنداوی فارس بووبێت، پێنجشەمە ۲۰ی پووشپەڕجەختیکرد کە ڕاوێژکاری سەرکۆماری فەڕانسە بە پێشنیاڕێکی نوێوە هاتووەتە تاران.

هەروەها هەوڵی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ دەسبەسەرداگرتنی نەوتهەڵگری بەریتانیایی لە ڕۆژێکدا ئەنجام درا کە ئەنجومەنی  دەنگدەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەسەر داوای ئەمریکا، لە ڤییەن، شوێنی ئەم ڕێکخراوەی چاوەدێری ناوکی نێودەوڵەتییە، کۆبوونەوەی بەڕێوەدەبرد تا ئەنجامی بڕیارەکانی ئێران لەپەیوەندی لەگەڵ پلانە ئەتۆمییەکان وەک هەڵکشانی خەستی پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر لە ئاستی دیاریکراوی ۳.٦۷٪ تاوتێ بکەنەوە.

تەنیا چەند کاتژمێر پێش لە نزیکبوونی بەلەمەکانی سوپای پاسداران بە نەوتهەڵگری "هریتج"، ژەنڕاڵ جۆزێف دانفۆرد، سەرۆکی ناوەندی هێزەچەکدارەکانی ئەمریکا جەختیکردبوو کە جووڵەکانی ئێران و گرووپە بریکارییەکانی لە بابۆلمەندەب، کە دژی ئاسایشی ئاوەکانی کەنداوی فارسە، پێکهێنانی هاوپەیمانیێکی ناوچەیی و جیهانی بۆ دابینکردنی ئاسایشی گەشتی کەشتییەکان زەرووری دەکاتەوە.

سەرەڕای ڕەتکردنەوەی سوپای پاسداران، دەوڵەتی بەریتانیا جەختیکردووە کە ئێران هۆکاری ناسەقامگیری و بەرپرسی ئەنجامەکەیەتی.

بەڵگەکان دەریدەخا کە ئامانجی کۆماری ئیسلامی لەم کردەوەیە کە لە چوارچێوەی چەتەیی و ڕێبڕی زەریاییدایە، هەوڵێکە بۆ گوشارخستنەسەر بەریتانیا و دەوڵەتی خۆجێیی جەبەل تارق تا گەورەنەوتهەڵگری گریس-۱ کە نەوتی ئێرانی لەخۆگرتووە و لە حەفتەی ڕابردوو کاتی نزیکبوونەوە لە گەرووی جەبەل تارق لەنێوان سنووری سپانیا و قاڕەی ئەفریقا دەستی بەسەرداگیراوە، ئازاد بکا. ئێران بۆ ئازادکردنی ئەم نەوتهەڵگرە هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتە گەڕ بەڵام ناشڵێت کە ئەگەر ئەم نەوتهەڵگرە نەیدەویست بۆ سووریا بڕوات، بڕیاربووە بۆ کوێ بڕوات؟

هەوڵەکانی ئێران بۆ دەسبەسەرداگرتنی نەوتهەڵگری هریتج، هەنگاوی کردەیی پێشنیارێکە لەلایەن مۆحسێن ڕەزایی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانەوە کە تەنیا یەک کاتژمێر پاش دەسبەسەرداگرتنی نەوتهەڵگری گریس-۱ لە گەرووی جەبەل تارق کە خەریکی گواستنەوەی نەوتی ئێران بوو، کرا و لە تویتەرەکەیدا بە هاندان بۆ ئەم چەتەیی و ڕێبڕییە زەریاییە نووسیبووی کە هێزەکانی ئێران دەبێ بەرپەرچی ئەم کارە بدەنەوە و دەست بەسەر نەوتهەڵگرێکی بەریتانیا دابگرن.

سەرەڕای ئەوەی کە تاقمێک لە بەرپرسانی ئێران، بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە مۆحسێن ڕەزایی لە ڕوانگەی خۆیەوە بۆ ئەم بابەتە ڕۆیشتووە، بەڵام ئێستا ڕوونبووەتەوە کە ئەم پێشنیارە بەشێک لەو پلانە بووە  کە لەلایەن دامەزراوە سەربازی و ئاسایشییەکانی ڕژێم نەک باسی لەسەرکراوە بەڵکوو فەرمانیش بۆ جێبەجێکردنی دەرکراوە.

جووڵە نوێیەکانی دژی ئاسایشی ڕێڕەوی زەریایی نێودەوڵەتی لە لایەن ئێرانەوە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە ئەمریکا مانگی ڕابردوو، دەستەیێک لە فەرماندەکانی سەرەکی سوپای لە پێگەکانی زەریایی سوپای لە باشووری ئێرانەوە خستەنێو پێڕستی گەمارۆکانی خۆیەوە.

لەم گێرە و کێشە، لەکاتێکدا کە جووڵە زەریاییەکانی ڕژێمی ئێران واتایێک جگە لە ناردنی بانگهێشتی دەسپێکردنی شەڕ بۆ هێزەکانی ڕۆژاوای نییە، میدیا ناوبانگەکانی ژاپۆن، سەرلەبەیانی پێنجشەمە ۲۰ی پووشپەڕ، گوتوویانە کە شینزۆئابێ، سەرۆکوەزیری ژاپۆن ئەگەری هەیە لە کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە تا دوو حەفتەی دیکە بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی دیدار و چاوپێکەوتنی هەبێت. شینزۆ ئابێ ،کۆبوونەوەی مانگی ڕابردووی لە تاران لەگەڵ عەلی خامنەیی بە بێ ئەنجامێکی ڕوون کۆتایی پێهێنا بەڵام تا ئێستا خۆی لەباسکردن بەشێوەی ئاشکرا و فەرمی سەبارەت بەم کۆبوونەوە گرنگ و بێ ئەنجامە پاراستووە و کەمترین قسەی لەسەر کردووە.

ڕژێمی ئێران، بەردەوام خەریکی هەڕەشەوگوڕەشەیە و لە تامەزرۆی هەڵگیرسانی شەڕێک لە ناوچەکەیە، شەڕێک کە ڕەنگە بە هۆی جووڵە هاندەرو شەڕەنگێزییەکانی ڕژێمی ئێران، لە کۆتایی داوێنی خەڵکی ئێران بگرێتەوە بەڵام بە هەڵسەنگاندنی هەندێ ستراتژی هەڵە لە هەر شەڕێکدا، ئەم ئەگەرەش لە ئارادایە کە ڕەنگە ڕووخانی ڕژێمی ئێرانی لێبکەوێتەوە، تەنانەت ئەگەر بەڵگە و ڕاپۆرتەپێگەیشتووەکان لە ئێران پیشان دەدا کە ڕژێم بۆ ئاگرتێبەردان لە ناوچەکە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕوپێکدادان، پلانی جۆراوجۆری داڕشتووە و دەیهەوێ لەئەسرائیلەوە تا دۆبەی بکاتە ئامانجی هێرشەکانی خۆی و گرووپە بریکارییەکانی.