تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ناکۆکییەکانى پەرلەمانى عێراق تمەنى زیاتر شکاند

ناکۆکییەکانى پەرلەمانى عێراق تمەنى زیاتر شکاند
لە ماوەى 48 کاتژمێری رابردوو یەک دۆلارى ئەمریکى لە ١٠ هەزارەوە گەیشتە ١٤ هەزار تمەن
پاش بەرجام و دەستپێکردنەوەى گەمارۆ ئابوورییەکان بەهاى تمەن ٧٠% شکاوە
posted onSeptember 4, 2018
noتعليق

 

بەهاى تمەنی ئێرانی هەتا دێت زیاتر دەشکێت. مامەڵەدارانى ئەو وڵاتەش ئاماژە بەوە دەکەن "هەر دۆلارێکى ئەمریکى بە 14 هەزار تمەن"ـە، ئەو پاشەکشێیەش بەهۆى نزیکبوونەوەى قۆناغی دووەمى سەپاندنى گەمارۆ ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانە بە سەر تاران، کە بڕیارە لە 5 تشرینى دووهەمی داهاتوو بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

 

سەرەڕاى ئەوەى حکومەتى ئەو وڵاتە کۆمەڵێک رێکاری ئاسانی دارایی لە سەرەتاى مانگی رابردووەوە ئەنجام دا، بەڵام هەوڵەکان نەیانتوانى رێگرى لە داڕمانى زیاتر بگرێت. لە ماوەى 48 کاتژمێری رابردوو بەهاى دۆلاری ئەمریکى بەرامبەر بەهاى تمەن لە سنوورى ١٠ هەزار تمەنەوە گەیشتە ١٤ هەزار تمەن، ئەمەش تووڕەیی زیاترى هاووڵاتیانی ئێرانى لێ کەوتەوە. ئەم تووڕەبوونەش بە هۆى بێنرخى بەهاى دراوەکەیە کە هەوڵ دەدەن لەو رێگەیەوە پارێزگارى لە داهاتەکانیان بکەن.

عێراق دەروازەیەکى ئابووری گرنگە بۆ تاران، کە دەتوانێت لەو رێگەیەوە هەناسەیەک بە ئابوورییە لاوازەکەى بدات و، لە سزاکانى واشنتۆن خۆى بدزێتەوە، بەڵام بەسرە کە شارێکى گرنگى عێراقە و، سەرچاوەى سەرەکیی داهاتى نەوتى حکومەتى بەغدایە و، هاوسنوورى ناوچە دەریاییەکانى ئێرانە، ڕووبەرووى ئاڵۆزییەکى ناوخۆیی بووەتەوە کە مەترسیی لێدەکرێت ئەو پەنجەرەیە لەسەر ئێران دابخات.

بە پێی دوایین زانیارییەکانى ناوخۆى بەسرە، خۆپێشاندەرانی ئەو شارە هەڵمەتەکانیان چڕتر کردووەتەوەو، هێزە ئەمنییەکانى ئەوێش بە فیشەک وەڵامی خۆپێشاندەرانیان داوەتەوەو، بەو هۆیەوەش 5 کوژراو و 30 برینداری لێ کەوتەوە. خۆپێشاندەرە توڕەکانى بەسرە باڵەخانەى پارێزگای شارەکەیان سووتاند و، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى شارەکەشیان گەمارۆ دا.

چاودێران ئاماژەیان بەوە کردووە "مایەپووچى تمەن، ڕەنگدانەوەى ناکۆکییەکانى گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانى عێراقە، کە دوو بەرەى دژبەیەک ململانێی دەسەڵات دەکەن، بە تایبەت بەرەى نزیک لە ئێران، کە ئەگەرى ئەوەى لێدەکرێت، کارئاسانى بۆ سیاسەتەکانى تاران بکات".

لە دواى کشانەوەى ئەمریکا لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران و شەش وڵاتە جیهانییەکان لە ئایاری رابردوو، تمەن سەدا 70 ـى بەهاکەى لەدەست داوە.