کەدیوەر لە وەڵامی ماڵپەری ئینساف نیوز سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ئێران گووتویەتی: مەترسی دابەشکردنی ئێران جدییە و لە هەمانکاتدا ئاماژەی بە تواناکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانە کرد.
کەدیوەر لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمەڵێک شەڕخواز لە ئیسرائیل و ئەمریکا و عەرەبستان و ئیمارات، خەونی دابەشکردنی ئێرانیان دیوە. کدیوەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتى: پێویستە لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئێران جیاوازی دابنێین. ڕژیمی جێگیر لە ئێران دژبەر و لاینگری زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران هەیە، بەڵام هەموویان لە یەک شتدا کۆدەنگن ئەویش پاراستنی تەواویەتی ئەرزی ئێرانە.
شایانی باسە کۆماری ئیسلامی چوار دەیەیە لە رێگەی بڵاوکردنەوەی دەنگۆی دابەشبوونی خاکی ئێران لە لایەک کەڵکی لە پێگەی کۆمەڵایەتی تووندئاژۆکانی ئێران وەرگرتووە بۆ سەرکوتی ئازادیخوازانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران و لە لایەکی دیکە هەر بەو پڕوپاگەندە توانیویەتی ئۆپۆزسیۆنی فارسی بەرامبەر بە پرسی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ژێردەستی ئێران دردونگ بکات و لە ڕاستیدا ئۆپۆزۆسیۆنی خوازیاری ڕووخانی نیزامیش بە هەمان ڕوانینی دەسەڵات چاو لە پرسی نەتەوەکانی نێو ئێران بکات.