تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

نەوتى ئێران ڕووبەڕووى قەیرانێکى گەورەتر دەبێتەوە

نەوتى ئێران ڕووبەڕووى قەیرانێکى گەورەتر دەبێتەوە
هەناردەکردنى نەوتى ئێران بۆ ئەوروپا ٤٥% کەمى کردووە
لە ٥ مانگدا ٢٧,٢ ملیۆن بەرمیل لە وەبەرهێنانى نەوت دابەزیوە
posted onAugust 29, 2018
noتعليق

 

دواى سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا، ئاستى هەناردەکردنى نەوتى ئەو وڵاتە رووبەرووى پاشەکشێیەکى گەورە بووەتەوە، بە جۆرێک لە مانگی ئابدا (گەلاوێژ) قەبارەى هەناردەکردنى نەوت و پێکهاتەکانى وزە بە بەراورد لەگەڵ نیسانى (خاکەلێوە)ی 2017 بۆ خوار 70 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمریکا بەنیازە لە دواى 5 تشرینى دووهەم (خەزەڵوەر)ـەوە، گەمارۆ ئابوورییەکانى دژى تاران کەرتى وزە و نەوتیش بگرێتەوە.

 

واشنتۆن داواى لە کڕیارانى نەوتى ئێرانى کردووە هاوردەکردنەکانیان تا تشرینى دووهەمى (خەزەڵوەر) داهاتوو بۆ ئاستى سفر دابەزێنن، بۆ ئەوەى کۆمارى ئیسلامی ئێران ناچار بێت دووبارە دانووساندنى نوێ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەى بکاتەوە و، سنوورێکیش بۆ دەسەڵاتەکانى لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست سنووردار  بکرێتەوە.

 

ئامارە سەرەتاییەکانى کەرتى وزە، کاردانەوەى گەورەى لەسەر گەمارۆ ئابوورییەکانى واشنتۆن بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانى تاران هەبووە و پێشبینى دەکرێت "خراپترین قەیرانى ئابووری و دارایی رووبەرووى ئێران ببێتەوە، کە هۆکارەکەى دابەزینى داهاتى نەوتەکەیەتى".

 

دوای 7 ئابی ئەمساڵ، ئێران تووشى قەیرانى کەمیی نەوت بووەتەوە کە لە ئەنجامى مایەپووچى تومەنە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکى. لە پاڵ داڕمانى بەهاى دراو و کەمیی نەختینەى دارایی، ئەو وڵاتە لە کێشەیەکى قووڵى ئابوورییدایە، کە ئێستا لە قۆناغی داتەپینە و هیچ چارەسەر و پلانێک نییە بۆ چارەسەر.

ئیدارەى کۆشکی سپی لە بارەى گەمارۆکانى سەر ئێران هەڕەشەى لە سەرجەم وڵاتانى جیهان و هاوبەشە بازرگانەکان کردووە بەوەى "هیچ وڵاتێک لە توڕەیی سزاکانى بەدەر ناکرێت، لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاراندا". ئاژانسى تۆمسۆن ڕۆیتەرز لەبارەى قەبارەى گشتى نەوتى خاو و پاڵاوتنەکانى نەوت و غازی سروشتی ئێران لەم مانگەدا گەیشتۆتە 64 ملیۆن بەرمیل، کە ئاستى رۆژانەشى 2.06 ملیۆن، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ نیسانى رابردوو قەبارەى مانگانەى 92.8 ملیۆن بووە، کە رۆژانەى هەناردەکردنەکان 3.09 ملیۆن بەرمیل نەوت بوون.

 

بۆ دەربازبوون لەقەیرانى بایکۆتکردنى نەوتەکەى، کۆمپانیاى نیشتیمانى نەوتى ئێران داشکاندنى بۆ سەرجەم پێکهاتەى نەوتەکەى کردووە بە هیواى ئەوەى کە کڕیارەکانى بپارێزێت. بە ئاستێک نرخى هەر بەرمیلێک نەوتى قورس بۆ مانگى ئەیلوول (خەرمانان) بە گەورەترین داشکاندن لە دواى 2004 دادەنرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە تاران سێیەم گەورە بەرهەمهێنەرى نەوتە لە نێو رێکخراوى وڵاتانى هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، بەڵام نەیتوانیوە سوودێک لە پێگە و وزە سروشتییەکانی ببینێت.

 

لەو نێوەندەشدا هیندستان لەبری 20 ملیۆن بەرمیل کە مانگانە لە تارانى دەکڕی، لە تەمموز (پووشپەڕ) 8.2 ملیۆن بەرمیلى هاوردە کرد، هاوکات ژاپۆنیش بۆ دووهەم مانگ لەسەر یەک ئاستى هاوردەکردنى نەوتى لەو وڵاتە کەم کردووەتەوە، بەڵام کۆریاى باشوور لەمانگی رابردووەوە نەوتى لە تاران نەکڕیوە، لە بەرامبەریشدا هەناردەکردنى نەوت بۆ ئەوروپا لە سنوورى 22.2 ملیۆن بەرمیل بۆ نزیکەى 12 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.