بەپێ بانگهێشتی قاسم سولەیمانی لە عێراق و ئەفغانستان و پاکستان، بزووتنەوەی ئەلنوجەبای عێراقیش بە بیانووی هاوکاری لافاولێدراوان لە سنووری میهرانەوە چوونە نێو ئێران.
ئەم کاروانە زیاتر لە سەد کامیونی گەورە و بچووکن کە نەسرولشەمەری سەرۆکی شوورای بەڕێوەبەری بزووتنەوەکەشی تێدایە. حەشدی شەعبی و فاتمیوون لە ژێر ناوی "پارێزەرانی حەرەم" و بەناوی هاوکاری لافاولێدراوان هاتوونە نێو ئێران . قاسم سولەیمانیش بۆ پاساوکردنی هاتنی ئەم هێزە دەرەکییانە گوتوویەتى "یارمەتیدانی خەڵکی لافاولێدراویش هەر پاراستنی حەرەمە".
حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە کە بەمەبەستی دروستکردنەوەی قوتابخانە و مزگەوتەکان و هاوکاری خەڵک ماوەیەک لە ئێران دەمێنێتەوە.
کۆماری ئیسلامی بە بیانووی بەهاناوەچوونی لافاولێدراوان خەریکی کڵکوەرگرتن لە ماڵوێرانی خەڵکە لەپێناو بەرژەوەندی ئایدیۆلۆژیک، بەڵام ڕێگا لە خەڵکی خۆبەخشی نێوخۆ گرتووە و ناهێڵێ کەمپەینە خەڵکییەکان بە هانای خەڵکەوە بچن. ئەمڕۆش بۆ ترساندنی خەڵک ۲٤ کەس لە چالاکانی خۆبەخشی خووزستانی دەسبەسەر کراون.