بەپێی راگەیێندراوى نێوان هەردوو وەزارەت، ئەمریکا و تورکیا کاری هاوبەش دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و ئاسایش لە ناوچەکە و بەتایبەت لە شاری منبج و هەردوو وڵات پابەندی ئەو نەخشەڕێگەیە دەبن کە لە نێواندا دادەنرێت و هەروەها رێککەوتوون لەو بارەوە لە داهاتوودا کۆبوونەوەی زیاتر ئەنجام بدەن.
ئەمریکا و تورکیا لە نێو نەخشەڕێگەکەیاندا لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن کە لە دیاریکردنى نیگەرانییە هاوبەشەکانیان وەک دوو هاوپەیمان پێکەوە هەڵسوکەوت بکەن و هەردوولا لەسەر پرسەکانى هەردوو وڵات و ناوچەکە خوازیاراى هەماهەنگى زیاتر بوون و لەسەر پرسى ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆریزم بە هەموو فۆڕمێک گەیشتنە نەخشەڕێگەیەک.
هەردوو وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و تورکیا
هەردوو وڵات لە نەخشەڕێگەکەدا باسیان لەوە کردووە کە بەرژەوندییە هاوبەشەکانیان لە سوریە بپارێزن و هەنگاو بۆ دابینکردنى سەقامگیرى و ئاسایش لە منبج بگرنە بەر و هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە پابەندن بەم نەخشەڕێگەیە:
سەعات ٤ و نیوى عەسرى ئەمڕۆ چاوش ئۆغڵو تویتێکى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر بڵاو کردەوە کە تیایدا نووسیبووى "لە کۆبوونەوەى ئێمە لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا پۆمپئۆ، گفتوگۆمان لەسەر پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و تورکیا کرد. هەروەها ئەو پرسانەى لەسەر سوریە هەن و لە نێوانیشیاندا ڕێگەچاەرەیەکمان لەسەر منبج و پرسەکانى دیکەى ناوچەکە دانا".
وێنەى ڕاگەیەندراوى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لەسەر کۆبوونەوەکى هەردوو وەزیر
بە پێى هەواڵى ماڵپەڕە جیهانییەکان، ئەمریکا گوتوویەتى "هەموو وڵاتێک مافى بەرگریکردن لە خۆى هەیە لەبەرامبەر تیرۆریزمدا"، بەڵام بە پێى هەواڵى ماڵپەڕە تورکییەکان کە چەند ڕۆژێکە کەوتوونەتە شەنوکەوى ئەم سەفەر و چاوپێکەوتنە، "بڕیار وایە لە ٤ى جۆزەردان (١٠ خرداد)، تورکیا و ئەمریکا لەمەڕ منبج نەخشەڕێگە دابنێن و وا لە هەردوو گرووپە چەکدارە کوردییەکەى پەکەکە و یەپەگە لە ماوەى کەمتر لە مانگێک ئەم شارەى سوریە جێ بهێڵن".
بە پێى هەواڵى ماڵپەڕێکى تورکیش بەرپرسانى ئەمریکا و تورکیا لەمەڕ نەخشەڕێگەکەى منبج لە ڕۆژئاواى ڕووبارى فورات کە لە باکوورى سوریە هەڵکەوتووە و لە بن دەستى هێزە چەکدارەکانى هەسەدە و خودى ئەمریکادایە، "گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە ئەم ڕێککەوتنەیش بەم چەند هەنگاوە دەبێت:
یەکەم هەنگاو: هێزە کوردییەکان (مەبەستى پەکەکە و هەسەدەیە) لە ماوەى مانگێکدا منبج جێ بهێڵن.
دووەم هەنگاو: پاش ٤٥ ڕۆژ لە دەستپێکردنى نەخشەڕێگەکە هێزە سەربازی و زانیارییەکانى تورکیە و ئەمریکا کۆنتڕۆڵ و چاودێرى هاوبەش لەسەر منبج جێبەجێ بکەن.
سێیەم هەنگاو: دوو حەوتوو لە پاش قۆناغى دووەم، هێزێکى هاوبەش کە لە کەسانى ناوچەیی پێک بێن بۆ بەڕێوەبردنى منبج. واتە بە پێى نەخشەڕێگەکە و سەرنجدان بە پێکهاتەى دانیشتوانى منبج، ئەنجوومەنێکى سەربازى بۆ دابینکردنى ئاسایشى شارەکە و ئەنجوومەنێکى ناوچەییش بۆ خزمەتگوزارى پێک بهێنن.
ئاژانسى ئەنادۆڵۆ کە باسى هەنگاوەکانى نەخشەڕێگەکەى کردبوو
چاوشئۆغڵو باسی پەیوەندییەکانی واشنتن و ئەنقەرەی کرد و رایگەیاند "تورکیا و ئەمریکا ماوەی چەندین دەیەیە هاوپەیمان و هاوبەشی ستراتیژیین. تاوەکو ئەم دواییانە، بابەتی سیاسی و پرسی بەرگریی پێکهێنەری سەرەکی ئەجێندا هاوبەشەکانمان بوون. بەڵام لەم دەیەی دواییدا، هاوبەشی ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانیش لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانماندا گرنگیان پەیداکردووە. راستە کە بەرز و نزمی لە پەیوەندییە سیاسییەکانماندا هەبووە. لە گۆشەنیگای ئێمەوە، پەکەکە و یەپەگە و پەیەدە و فەتۆ دوو پرسی سەرەکین. پێشبینی لە هاوپەیمانەکەمان دەکەین لە هەردوو بابەتدا لەگەڵ ئێمە بێت".