بەهۆی پێنەدانی مووچەی دوو مانگی کرێکارانی شارەوانی مەریوان، خێزانەکانیان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی سەخت بوونەتەوە و داوا دەکەن بە زووترین کات شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت تاوەکو لە شەرمەزاریی منداڵەکانیان ڕزگاریان بێت.
خێزانی کرێکارانی شارەوانی مەریوان گلەیی لە شێوازی بەڕێوەبەریی دارایی شارەوانی دەکەن و دەڵێن ماوەی دوو مانگە هیچ بڕە پارەیەکیان وەرنەگرتووە. ئەم دواکەوتنە لە کاتێکدایە کە کرێکاران لەژێر گوشارێکی زۆری کار دان و هەر کەمتەرخەمییەک لە لایەن ئەوانەوە دەبێتە هۆی سزادان یان دەرکردنیان، بەڵام شارەوانی پابەندیی یاسایی خۆی بەرامبەر پێدانی مووچەکانیان جێبەجێ ناکات. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی خێزانەکان پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک میوە و ژەمی بەیانی لە سفرەکانیان ببڕن.
کرێکارەکان دەڵێن؛ بانکەکان ڕۆژانە ئاگادارکردنەوەیان بۆ دەنێرن بۆ دانەوەی قیستە دواکەوتووەکانیان و مەترسی دەرکردن لە کار هەیە ئەگەر کرێکارەکان بە شێوەیەکی فەرمی ناڕەزایەتی دەربڕن. دۆخی نالەباری ئابووری وایکردووە خێزانی ئەم کرێکارانە نەتوانن پێداویستییەکانی منداڵەکانیان دابین بکەن.
ئەوان دەڵێن: "تەنیا مافی خۆمان دەوێت، منداڵەکانمان داوای شتمان لێ دەکەن و ناتوانین بۆیان بکڕین، ئایا ئەمە ویژدانە لەم بارودۆخەدا دوو مانگ مووچەی کرێکارێک دوا بکەوێت کە تەنیا سەرچاوەی بژێوییەتی؟"