هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیێندراوێکدا هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستان سەرکۆنە کرد و داوای لە کوردانی تاراوگە کرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بڕژێنە سەر شەقامەکان.
هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تاران بە ئامانجی شاردنەوەی "شکستە سیاسی و سەربازییەکانی" هێرشەکانی چڕکردووەتەوە و زیاتر لە 700 جار سەروەریی خاکی عێراقی بەزاندووە. بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 21 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 10یان پێشمەرگەی پارتە سیاسییەکان بوون و چەندین شوێنی نیشتەجێبوونی سڤیلەکانیش کراونەتە ئامانج.
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکان دەڵێت، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی جنێڤە و وەک "تاوانی جەنگ" وەسفی دەکات. هاوکات داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کرد هەڵوێستی ڕژدیان بەرامبەر تاران هەبێت.
لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا، داوا لە کوردانی نیشتەجێی ئەورووپا، ئەمریکا و کەنەدا کراوە لەبەردەم باڵوێزخانەکان و ناوەندە بڕیاربەدەستەکان گردبوونەوەی فراوان ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی دەنگی بەرگریی گەلی کورد بگەیێننە جیهان و پەردە لەسەر "تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی" هەڵماڵن.