پاسەوانی سنوور ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە ڕێگرییان لە خەڵکی بنێشتکەر کردووە و بەرهەمی کاری چەندین ڕۆژیشیان لەلایەن هێزی پاسەوانی سنوورەوە لەنێو براوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاڤامێدیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە کاتێک بنێشتکەرەکان لە ناوچە سنوورییەکان پاوە ویستوویانە بچن بۆ بنێشتکردن، هێزی پاسەوانی سنووری ئێران ڕێگرییان لێیان کردووە و پێیان گوتوون: ئێوە کاری قاچاخ دەکەن.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بە دەستی ئاڤامیدیا گەیشتوون؛ هێزەکانی پاسەوانی سنوور دەبینرێن کە ڕێگرییان لە بنێشتکەرەکان کردووە و هەروەها کۆچەڵەکانیان لە دارەکان کردووەتەوە و بە بنێشتەوە فڕێیان داوە.
ئەو بنێشتکەرانە داوا لە قایمقام و بەرپرسانی دیکەی ناوچەکە دەکەن، داکۆکییان لێبکەن و ڕێگری لە پاسەوانی سنوور بکەن بۆ ئەوەی بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونیان لەوە زیاتر لەنێو نەبات.
بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، لە پارێزگای کرماشاندا نزیکەی 200 هەزار هێکتار داری وەن هەیە و ساڵانە نزیکەی 60 تۆن بنێشتیان لێ بەرهەم دێت.
بەڵام بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای کرماشان ساڵی پار ڕایگەیاند، تاوەکو 3 ساڵی دیکە مۆڵەتی بنێشتکردن لە دار وەنەکانی ئەو پارێزگایە بە کەس نادرێت.
ئەو کات وەحید عەزیزی، بەڕێوەبەری سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای کرماشان، گوتی: هەر 3 ساڵ جارێک و بەپێی بارودۆخی هەوا و ژیانی دارە وەنەکان، مۆڵەتی بنێشتگرتنیان دەدرێت.