
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی ٢٩ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو کەسانە بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەر كراون، کە بەشێکیان دوای تەواوبوونی لێکۆلینەوە بە بارمتەی قورس ئازاد کراون و بەشێکیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و چارەنووسیان ناڕوونە.
هەروەها بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەن لە مانگی بانەمەڕی ١٤٠٤ ، ٨ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە شارە جیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و لێکۆلینەوەیان لێ کراوە، لەلایەن دادگای ئینقلاب و دادگای تاوانەکان کەیسەکانیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.