
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە یەک ساڵی رابردوودا ٨٢ حاڵەتی سەرکوتکردنی سیستەماتیکی ژنانی کورد لەلایەن دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێرانەوە تۆمار کراوە.
راپۆرتەکە بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن بڵاوکراوەتەوە، ماوەی نێوان ٨ی مارسی ٢٠٢٣ تا ٨ی مارسی ٢٠٢٤ دەگرێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، حاڵەتەکانی سەرکوتکردن بریتین لە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە، سەپاندنی سزای قورس، هەروەها گوشار و هەڕەشەکردن لەلایەن دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانەوە.
ئامارە سەرەکییەکان لە راپۆرتەکەوە:
- زیندانیانی سیاسی ژن : ١٠ ژن لە زیندانەکانی ئێراندا بە تۆمەتی سیاسی زیندانیکراون.
- دەستگیرکردنی هەڕەمەکی: ٢٦ ژن بەبێ هیچ هۆکارێکی روون یان فەرمانی دادگا دەستگیرکراون.
- سزای ئێعدام و زیندانی: ١٤ ژن سزای ئێعدام یان زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێندراوە، کە دوو حاڵەتی ئێعدام و ٢١ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی تەعزیری لەخۆدەگرێت.
- بانگهێشتکردن: ٩ ژن بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و دادسەراکان کراون.
- حیجابی زۆرەملێ: ٩ حاڵەتی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ تۆمارکراوە.
- سزای مامۆستایان: ١٤ مامۆستا سزای دەرکردن، دابەزاندنی پلە، یان بڕینی مووچەیان بەسەردا سەپێندراوە بەهۆی چالاکییەکانیانەوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بە چەندین نموونەی دیار دەکات، لەوانە سەپاندنی سزای قورس بەسەر زیندانیانی سیاسی ژن، دەستگیرکردنی توندوتیژانە بەبێ فەرمانی دادگا، سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ و سزادانی ژنان بەهۆی سەرپێچیکردنی یاساکانی حیجابەوە، هەروەها بێبەشکردنی ژنان لە مافە پیشەیی و پەروەردەییەکان.
کوردپا جەخت دەکاتەوە ئەم رێوشوێنانە نیشانەی ئەوەن کە سەرکوتکردنی ژنانی کورد سیاسەتێکی سیستەماتیکی لەپشتەوەیە و ئامانج لێی سنووردارکردنی ئازادییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانیانە.
ئەم راپۆرتە دۆخێکی مەترسیداری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران دەخاتەڕوو و نیگەرانییەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەڵسوکەوتی حکومەتی ئێران بەرامبەر بە ژنانی کورد دەخاتە ڕوو.