مامۆستا ئیبراهیم کەریمی، مامۆستای ئایینیی خەڵکی شاری سنە، دەڵێت: لەنێو باخەکەی ماڵێکی هەبووە کەسانێکی نەناسراو تەقاندوویانەتەوە و ئاگریان داوە و هەرەها زیاتر لە ٣٠٠ بن داری باخەکەشیان بڕیوە.
مامۆستا ئیبراهیم نەنەڵە رۆژی ١٧ی رێبەندانی ١٤٠٣ لە گرتە ڤیدیۆیەکدا نێو ماڵەکەی لە نزیک شاری سنە نیشان دەدات کە هەمووی سوتاوە و هیچ شتێکی بە ساخی نەماوەتەوە.
ئەو دەڵێت: کەلوپەلی کامێرای شاراوە و هەروەها کەلوپەلی سۆلار سیستەم (کەلوپەلی پانێلی دابینکردنی کارەبا بە خۆر)کەیان بردووە.
ئەو دەڵێت: دوژمنێکی تایبەتیم نییە، بەڵام دەزانم باجی چیی دەدەم.
ئیبراهیم کەریمی، ناسراو بە مامۆستا ئیبراهیم نەنەلە، مامۆستای مزگەوتی گوندی نەنەلە سەربە شاری سنەیە و لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان کرد و بەو هۆیەشەوە دەستگیر کرا.
ئەو جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن دادگای تایبەت بە کەسایەتییە ئایینییەکانی ئێرانەوە بە ١٢ ساڵ زیندان، وەرگرتنەوەی مۆڵەتی مامۆستایەتی و دوورخرانەوە حوکم درا.
نزیکەی ساڵ و نیوێک لەومەبەریش کەسانێک ماڵ و ماتۆڕی کارەباکەیان لێ ئاگر دابوو و هەروەها نزیکەی ٢٥٠ بن داری باخەکەیان بڕیبوو.
بەگوتەی ئیبراهیم نەنەڵە دوای ئەو رووداوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دوای ماوەیەک دۆسیەکەیان بەست، گەرچی ٢ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن تمەن زیانیان پێگەیاندووە.
ئەو دەڵێت: لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەوەیکە کێ ماڵەکەی سوتاندووە و باخەکەی بڕیوەتەوە، هەندێ شت دەزانێت و ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە نەکەن و ئاشکرای نەکەن کێ ئەو کارەی کردووە، خۆی هەموو شتێک ئاشکرا دەکات.