هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێت: عەبدوڵا ئۆجەلان لە داهاتوویەکی نزیکدا بانگەوازێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بۆ چارەسەرکردنی هەمیشەیی کێشەی کورد لە تورکیادا بڵاو دەکاتەوە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیاندا لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "ئۆجەلان ئامادەکاریی دەکات لە چەند رۆژی داهاتوودا بانگەوازێکی مێژوویی بکات، بانگەوازەکەش بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی و هەمیشەیی کێشەی کورد و بنیادنانی تورکیایەکی دێموکراتیکە".
تونجەر باکرهان گوتیشی: پێویستە دەسەڵاتی تورکیا زمانی بگۆڕێت و زمانێکی گونجاو بەکاربهێنێت کاتێک ئۆجەلان بانگەوازی ئەوە دەکات پێکدادان بگۆڕدرێت بۆ بواری سیاسی.
ماوەیەکە لە باکووری کوردستان و تورکیادا رەوتێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستیپێکردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا تاوەکو ئێستاش لە بەکارهێنانی زمانی زبر دژی بزووتنەوەی کورد بەردەوامن و هیچ گۆڕانکارییەک لە کردار و گوتاریاندا بەرانبەر بە کورد نابینرێت. ئەمەش وایکردووە زۆر کەس بە گۆمانەوە چاو لە هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی تورک بکەن.
پرۆسەی نوێی تورکیا و باکووری کوردستان دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە رۆژی 22.10.2024024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی مەهەپە، داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بچێتە پەرلەمانی تورکیا، لەوێ وتارێک بدات و پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە.
دوای ئەوە شاندی دەم پارتی، حیزبی کوردی باکووری کوردستان، رۆژی 28-12-2024، سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە.
شاندی ئیمرالی دەم پارتی دوای کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، سەردانی کەسایەتی و لایەنە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیای کرد و راگەیەنراوێکیان لەسەر ئەنجامی چاوپێکەوتنەکانیان بڵاوکردەوە.
شاندی دەم پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا چەند هەفتە لەمەوبەر رایگەیاند، چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی ئەرێنی بووە، هەموو لایەنەکان "پشتگیری خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی دەربڕیوە."
شاندەکە دیسان سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانیان لە ئیمرالی کردەوە.
عەبدوڵا ئۆجەلان کە ئێستا تەمەنی ٧٥ ساڵە و لە ساڵی ١٩٩٩وە لە زیندانی حکومەتی تورکیا دایە، ئامادەی دەربڕیوە بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی نوێ لە باکووری کوردستان و تورکیادا دەستپێبکات.