تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

10 هاونیشتمانی لە پەیوەندیی لەگەڵ "ناڕەزایەتی بە سزای لەسێدارەدان" دەستگیرکراون

دەستگیرکراوانی رۆژهەڵات
ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان
posted onJanuary 29, 2025
noتعليق

  

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو 10 هاونیشتمانی و چالاکڤانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی سەردەشت، مەهاباد، پیرانشار، سنە و دێولان لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.

بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەو کەسانە لە پەیوەندیی لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتی بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، چالاکڤانانی مەدەنی کورددا، دەستگیر کراون.

رۆژی ٣ی رێبەندانی ١٤٠٣ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە سزای سێدارەی پەخشان و وریشە لە شارەکانی سەقز، مەهاباد، بۆکان، دیواندەرە، شاباد، سنە، پاوە،، بانە کرماشان، کامێران، سەردەشت و مەریوان دووکان و بازاڕ داخران.

ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان، وەهاب خەدیری‌پوور، خەڵکی مەهاباد دوای ئەوە بانگ کراوەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی، دەستگیرکراوە.

 رۆژی ٨ی رێبەندانی ١٤٠٣ لە شاری دێولان، پارێزگای سنە، فەرهاد زەندی و مەهدی جەوانمەردی، دوو چالاکڤانی مەدەنی، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستگیری کردوون و بۆ شوێنێکی نادیار رایگواستوون.

هەمان رۆژ لە شاری سنە چیاکۆ قەربە لە یەکێک لە کافەکانی ئەو شارەدا دەستگیر کراوە.

رۆژی پێشتر هێزە ئەمنییەکان لە شاری مەهاباد محەممەد رەمەزانی، چالاکڤانی بواری ژینگەیان دەستبەسەر کرد.

لە رۆژانی رابردوودا جەلال پەرهیزکار و سروور حەمەنازدار، خەڵکی گوندی «حاجی عەلیکەند»ی سەربە شاری مهاباد دەستگیرکراون.

دیسان رۆژی ٧ی رێبەندان ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشت، حەسەن خەلیلی، مامۆستای خانەنشین و چالاکڤانی مەدەنی خەڵکی ئەو شارەیان دەستگیر کرد و دوای دوو رۆژ ئازادیان کرد.

رۆژی ٦ی رێبەندانیش مەنسور مەولوودی خەڵکی مەهاباد، وەک دەستگیرکراوەکانی دیکە بەبێ خستنەڕووی بڕیاری دادوەریی، دەستگیرکرا.

لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری ناڕەزایەتی بە سزای لەسێدارەدان دەستگیرکراون.