تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

6 دوکاندار لە سنە بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ لەسێدارەدان دەستگیرکران

دووکاندارە دەستگیرکراوەکانی شاری سنە
دووکاندارە دەستگیرکراوەکانی شاری سنە
posted onJanuary 23, 2025
noتعليق

شەش کەس لە کاسبکار و دووکاندارانی خەڵکی شاری سنە لە پەیوەندیی لەگەڵ مانگرتنەکانی رۆژی چوارشەممە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی دەستگیرکران.

محەممەد سەیف پەناهی، سینا رەزایی، ئەمجەد گەرماخیزی، نەعیم دوستی، محەممەد ئەتڵەسی و ئومید محەممەدی بە تۆمەتی ئەوەیکە دووکانەنیان بۆ دژایەتی لەگەڵ حوکمی لەسێدارەدان داخستووە، دەستگیر کراون.

ئەمجەد گەرماخیزی و نەعیم دوستی لە چالاکانی کرێکاری و ئەندامانی کەمپەینی دژ بە سزای لەسێدارەدانیش بوون.

محەممەد سەیف پەناهی و سینا رەزایی لە سینفی پێڵاوفرۆشانی سنە بوون و رۆژی ٣ی رێبەندان لە کاتێکدا لەبەردەم دووکانیاندا راوەستابوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکران.

لە شاری سەقز هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ داواکاری گشتیی ئەو شارە، دووکان خەڵکیان پۆلۆمب کرد و زیانیان بە دووکانی خەڵک گەیاندووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، رۆژی چوارشەممە لە بۆکان ناوەندە ئەمنییەکان و قایمقامەتی بۆ رێگری لە مانگرتنی بازاڕییان، زیاتر لە ٥٠ کاسبکاریان بانگ کردوون و بە وەرگرتنی بەڵێننامە و ڕاگەیاندنی راگرتنی سزای پەخشان عەزیزی هەوڵیان داوە پێش بە مانگرتنی خەڵک بگرن.

لە شاری مەهابادیش دامەزراوە ئەمنییەکان تەلەفۆنیان بۆ دووکانداران کردبوو یان کورتەنامەیان بۆیان ناردبوو و لە پەیوەندیی لەگەڵ داخستنی دووکان و بازاڕ هەڕەشەیان لە دووکاندارەکان کردبوو.

پێشتریش ئەسعەد غەفووری، مامۆستای زانکۆ و ئەندامی کەمپەینی "پێشگرتن لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی" لە شاری سنە، ڕۆژی ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستگیرکرا.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە رۆژی ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٣ ئایدا عەموویی،  چالاکڤانی بواری مافەکانی ژنان و چالاکڤانی دژی سێدارەیان دەستگیر کردبوو.

سەرەڕای ئەوانەش رۆژی ٣ی رێبەندانی ١٤٠٣ لە شارەکانی سەقز، مەهاباد، بۆکان، دیواندەرە، شاباد، سنە، پاوە و بانە نزیک بە تەواوی دووکان و بازاڕ و لە کرماشانیش بەشێکی بەرچاو داخراوە. هەروەها لە شارەکانی کامێران، سەردەشت و مەریوان دووکان و بازاڕ تارادەیەک داخرابوو.

سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەو دوو چالاکڤانە ژنەدا، شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەدوای خۆیدا هێنا.

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد و چالاکڤانی مەدەنی، رۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢ لە تاران دەستبەسەر کرا و ساڵێک دواتر دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی بەغی و ئەندامەتی لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سزای سێدارە و چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.

دیوانی باڵای دادوەریی ئێران رۆژی 08.01.2025 حوکمی سێدارەی پەخشان عەزیزی، پشتڕاست کردەوە.

ئەمیر رەئیسیان، پارێزەر، بە رۆژنامەی شەرقی گوت: دۆسیەی پەخشان عەزیزی کەموکۆڕی زۆری تێدا بووە و ئەو شایانی سزای سێدارە نییە چونکە لە شەنگال و ئۆردوگاکانی دیکەی ئاوارەکانی شەڕی داعشدا، یارمەتی خەڵکی داوەو ئەوانەش چالاکییەکانی سیاسی نەبوون.

وریشە مورادی، چالاکڤانی سیاسی، خەڵکی شاری سنە رۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ دەستگیرکرا و بە تۆمەتی بەغی حکومی سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.