لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا 7 هاونیشتمانی و چالاکڤانی خەڵکی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستگیر کراون. لە شارەکانی سنە، مەهاباد و مەریوانیش سێ کەس گیراون.
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، کەسوکاری دەستگیرکراوەکان بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخیان، سەردانی دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانیان کردووە، بەڵام ئەو دامودەزگایانە وەڵامیان نەداونەتەوە.
محەممەد سۆهرابی پێشتریش لە کاتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا دەستگیر کراوە، یەکێکی دیکە لە دەستگیرکراوەکان فەردین مەحموودی، چالاکڤانی ژینگەیە.
ئەوان هەر دوویان رۆژی دووشەممە و بەبێ حوکمی دادگا دەستگیر کراون. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، دوای دەستگیرکردنی ئەو دوو چالاکڤانە، چوونەتە ماڵیان، پشکنیویانە و هەندێ لە کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
لە درێژەی گرتنی هاونیشتمانییان لە پیرانشار، ئەنوەر ئیبراهیمی خەڵکی گوندی زێوە، موراد ئوستوار خەڵکی گوندی پەسوێ، جێگری موجاهیدی، خەڵکوە گوندی ئاڵوەتان سەر بە شاری سەردەشت و دانیشتووی پیرانشار و نێعمەت ئەحمەدنەژد خەڵکی گوندی لکبن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
هەروەها رۆژی یەکشەممەش، هیوا شوجاعی، ئەویش خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە.
لە شاری سنەش هێزەکانی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنیامین رەحیم پوور، خەڵکی گوندی ئەوێهەنگ و دانیشتووی سنە، دەستگیریان کردووە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی کوردپا، هێزەکانی سوپای پاسداران لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو هاونیشتمانییەدا لێیان داوە و کامێرای چاودێری دوکانەکەشیان بردووە.
هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە رامیار کاوە، ٢١ ساڵ تەمەن و خەڵکی ئاوایی نێ، بانگ کراوەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە و هێشتا هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە نییە.
هەروەها لە شاری مەهابادیش هاونیشمانییەک بە ناوی عەبدولوەهاب پیرۆتی دەستبەسەر کراوە و دوای ٥ رۆژ لە دەستگیرکردنی، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە ئارادا نییە.