تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان: دوای 6 ساڵ زبڵخانەی ستاندارد بۆ مەریوان دابیننەکراوە

زبڵخانەی مەریوان
شوێنی زبڵخانەی مەریوان
بەرپرسانی پارێزگای سنە شەش ساڵ لەومەبەر بەڵێنیاندا شوێنێکی ستاندارد بۆ زبڵخانەی مەریوان دابیندەکەن بەڵام هێشتا ئەمە نەکراوە و زبڵخانەکەش بووەتە سەرچاوەی مەترسی بۆ سەر ژینگە و بۆ شاری گەشتیاریی مەریوان بووەتە خاڵێکی ناحەز.
posted onJanuary 14, 2025
noتعليق

ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان دەڵێت، دوای زیاتر لە 6 ساڵ کێشەی زبڵخانەی شاری مەریوان چارەسەر نەکراوە و رۆژانە نزیکەی 200 تۆن لە زبڵی ئەم شارە بەشێوەیەکی نەگونجاو فڕێ دەدرێت.

بەپێی راپۆرتی ئەنجوومەنی سەوزی چیا، زبڵخانەی گاڕان، شوێنی فڕێدانی زبڵی مەریوان، لە ناوچەیەکی دارستان و لە نزیک رووباری گاڕان هەڵکەوتووە و رۆژانە زبڵی شار لەوێ فڕێ دەدرێت، بێئەوەیکە تەنانەت حەسارێکیش بە دەوریدا بکێشرێت.

ئەو ئەنجوومەنەی لایەنگری ژینگە دەڵێت، زبڵی مەریوان سەرچاوەکانی ئاو و خاکی ئەو ناوچەیە بۆ ماوەی دەیان ساڵ پیس کردووە، ئەوە لە کاتێک دایە زبڵخانەکە لە دەروازەی شاری مەریوان و لە تەنیشت پردی مێژوویی گاڕان و پردی نوێ هەڵکەوتووە و ئەمەش بۆ شاری گەشتیاریی مەریوان شتێکی جوان نییە.

هەروەها سزگ یان تیژاوی زبڵخانەکەش بەبێ هیچ بەربەستێک دەڕژێتە نێو رووباری گاڕان، بەمەش ئاوی ئەو رووبارەی بە تەواوەتی پیس کردووە.

لەبەر ئەوەیکە زبڵخانە حەساری بۆ نەکێشراوە، بووەتە مەترسی بۆ سەر ئاژەڵە کێوییەکانی وەک سمۆرە، رێوی، کەروێشک، بەراز و...

پێشتر شوێنی زبڵخانەی مەریوان لە نزیک گوندی ئەسراوا بوو و لەبەر کێشە ژینگەییەکانی، ساڵی 2018 خەڵکی ئەو گوندە ناڕەزایەتییان دەربڕی و رێگەیان نەدا زبڵی شار چیدیکە لەوێ فڕێ بدرێت.

ئەو کات بەرپرسانی شاری مەریوان و تەنانەت ئاستی پارێزگای سنەش بەڵێنیان دا کە زبڵخانەیەکی ستاندارد بۆ شاری مەریوان دروست بکەن، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش ساڵ هێشتا بەڵێنەکان جێبەجێ نەکراون.