
مریەم یەحیەوی، زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ئێڤین، بە باس كردن لە دۆخی نێو زیندان لە کاتی ڕاگەیاندنی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، نووسیویەتی کە ژنە زیندانییەکان بە بیروباوەڕی جیاواز پێکەوە بوون و بە کۆمەڵ سروودیان دەوتەوە.
بەپێی گێڕانەوەی ناوبراو، پەخشان عەزیزی، لە كاردانەوە بە حوکمی لەسێدارەدانی گوتویەتی: "بنەماڵەکەم کە هیچ پەیوەندییەکیان بەو دۆسیەیە نەبووە، بۆ ماوەی یەک ساڵ حوکمیان بەسەردا سەپێندرا. بەرگەی زۆرێک لە فشاری دەروونی و ئەمنییان گرت، ئێستا کەمێک کەمتر نیگەرانم".
بە وتەی ناوبراو، ئەو زیندانییانە بە یاد كردنەوە لە شیرین عەلەمهوولی، زیندانی ئیعدامكراو و حوكمی ١٧ ساڵ زیندانی بەسەر زەینەب جەلالیان، ڕایانگەیاندووه کە گوشارەکان هەمیشە لەسەر چالاکانی کورد، بەلووچ و عەرەب زیاتر بووە.
ئەو هەروەها ئاماژەه دەکات: "ئامانجی کۆماری ئیسلامی تۆڵەسەندنەوە لە ژنان و کوردستان و ناڕازییانە. هەمان ئەو ژنانەی کە ئازایانە لە شۆڕشی ژینادا لەسەر پێ ڕاوەستان".