تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

تاران پایتەختى منداڵانى سەرشەقام

سیاسەتى چەوتى کۆمارى ئیسلامى هۆکارى سەرەکى ئەم قەیرانەیە
سیاسەتى چەوتى کۆمارى ئیسلامى هۆکارى سەرەکى ئەم قەیرانەیە
posted onMay 3, 2018
noتعليق


 

بە پێی ئاماری ناوەندی خێرخوازی مێهر ئافەرین،  ٣٥ هەزار منداڵی بێناسنامە لە شەقامەکانی تارانی پایتەخت دەسووڕێنەوە کە هیچ دۆسیەیەکى یاسایی و کۆمەڵایەتییان لە ناوەندە فەرمییەکانى دەوڵەتدا نییە. هەر بۆیە ئەو منداڵانە هیچ مافێکیان نییە و لە وەرگرتنی هەر جۆرە خزمەتێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پەروەردەیی بێبەشن و تەنیا مافی هەناسەهەڵکێشان و خواردن و گەورەبوونیان هەیە و هیچی تر و، مافی شارۆمەندی بۆ ئەو کەسانە تەنیا قسەیە.

سەلمان خودادی، ئەندامی کۆمسیۆنی کۆمەڵایەتی پەڕلەمانى ئێران لە گفتوگۆێەکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئارمان دەڵێ "قەیرانی کڕین و فرۆشتنی منداڵان هەروا بەردەوامە، دایک و باوکانی گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر گوێڕایەڵی ئامۆژگارییە تەندروستییەکان نین و منداڵ بە گیرۆدەیی لە دایک دەبێ، ئەو منداڵانە دواتر لە لایەن باندە مافیاکانەوە لەو دایکە گیرۆدانە دەکڕدرێنەوە و بۆ کاری سواڵکردن و کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر بە کار دەبرێن".

لە لایەکی دیکەوە ٩٠ لەسەدی بنەماڵەکانی منداڵانی کار، توانایی بەخێوکردنی منداڵەکانیان نییە و ئەو منداڵانە بەشی زۆری خوێندن بە جێ دێڵن و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکانیان ڕوو دەکەنە شەقامەکان و ناوەندەکانی دووبارە وەبەرهێنانەوەی زبڵ و کوورەخانەکان. لەو نێوەدا منداڵانی شەقام لە دۆخێکی زۆر مەترسیدارتردا دەژین، لەبەر ئەوەی ئەوان دەکەونە داوی گرووپە مافیاکان و کەڵکی یەکجار خراپیان لێ وردەگرن.

سەلمان خودادی لە درێژە قسەکانی دا باس لەوە دەکات "منداڵانی زۆڵ (ئەو منداڵانەى لە دەرەوەى هاوسەرگیرى دروست دەکرێن) و بێناسنامە تەنیا ئەو منداڵانە نین کە لە ڕێگەی ناشەرعییەوە لە دایک دەبن. ڕاستە ئەو منداڵانە دایک و بابی خۆیان هەیە، بەڵام بە ناچاری و لەبەر هەژاری و دەستکورتی بنەماڵەکانیان یا دەدرێنە باندەکان و یا دەدرێنە خەڵکى دەوڵەمەند و یا لەسەر شەقامەکان فڕێ دەدرێن."

دامەزرێنەری ناوەندی خێرخوازی مێهر ئافەرین لە دیمانەیەک لەگەڵ ڕۆژنامەی ئارمان دەڵێ "وێڕای ئەوەی ڕاپۆڕتی کڕین و فرۆشتنی منداڵانمان گەیاندووەتە دەستی وەزارەتی تەندروستی و کۆمەڵێک ڕیسای تایبەت بە نەخۆشخانەکانى لەدایکبوونى منداڵان و سڕینەوەی ئاسەواری مادەی هۆشبەر لە منداڵان و و هەروەها لە ئەگەری هەڵسوکەوتی خراپی دایکان لەگەڵ منداڵان بدرێنە ڕێکخراوی بێهزیستی دەرچوون، بە ڵام لە زۆربەی شارەکانی ئێران کار بەو پڕۆژە یاسایانە ناکرێت".

لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەدا هاتووە "دایکی زۆربەی ئەو منداڵانە گێرۆدەی ماددەی هۆشبەرن و خەریکی لەشفرۆشین و زۆر سانا و بێ قڕە هەوڵی فرۆشتنی منداڵەکانیان دەدەن و کڕیاڕی ئەو منداڵانە لە سوڵکەرەکانەوە بگرە تا ئەو دایک و بابانەی کێشەی زاووزێیان هەیە لە ڕیزى كڕینی ئەو منداڵانەدان.

بە هۆی ئەوەی کە ئەو منداڵانە بەشی زۆری تووشبووانی ماددەی هۆشبەر و هەڵگڕی ڤایرۆسى ئایدزن، کەمتر ئەو بنەماڵانەی منداڵیان نابێ وەخۆیان دەگرن و زیاتر لە لایەن سواڵکەرەکانەوە کەڵکیان لێ وەردەگیرێ و و بە نرخگەلی زۆر کەمی لە ١٠٠ تا ١٥٠٠٠٠ تمەن (نزیکەى ٢٠ دۆلار) سەودایان پێ دەکرێت.

ئەو منداڵانە بە هۆی نەبوونی ناسنامەی بابەکانیان، هەرگیز ناتوانن ناسنامە وەرگرن و بەشی زۆریان بە هۆی ئەوەی بنەماڵەکانیان ڕێژەیان زۆرە و بابەکانیان هەڵاتووی دەستی یاسان هەتا سەردەمی هەرزەکاری ناتوانن ناسنامە وەرگرن. زۆر سروشتییە ئەو منداڵە بێناسنامانە کە نە کۆمەڵگە و نە یاسا هیچ شەرعیەتێک بە بوونیان نادەن و لە هەموو خزمەتگوزارێکی کۆمەڵایەتی بێبەشیان دەکەن لە ڕەوتی گەورەبوونی خۆیاندا تووشی هەزاران جۆری بەلاڕێدا چوون دەبنەوە و لە کۆتاییدا بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر یان  تاوانی دیکە تووشی لە سێدارەدان دەبنەوە.

لایەنی هەرە کارەساتباری ئەو پرسە ئەوەیە وێڕای دانیشتنی زۆری چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی لەگەڵ نوێنەرانی پەرلەمان سەبارەت بە پەسەندکرانی پڕۆژەیاسای داکۆکی لە مافی منداڵان و مێرمنداڵان دوای زیاتر لە ١٠ساڵ، ئەو پڕۆژە یاسایە تۆزى لەسەر نیشتووە و ڕۆژانە منداڵانی ئەو کۆمەڵگایە دەبنە قوربانی خەمساردی دەسەڵاتداران و بەرپرسانى ڕێژیمى ئیسلامى ئێران.