عەبیر سەلیم سەرۆکى شارەوانى کەربەلا کە ئەندازیارە، لە ناوچەى "الحر"ى ئەو شارە تەقەى لێ کرا و بەسەختى بریندار بوو.
سەرۆکى شارەوانى کەربەلا کە دەستى بە چاکسازى و پڕۆسەى نەهێشتن و پووچەڵکردنەوەى داگیرکردن و بنیاتنانى زیادەڕۆ لە ناوچەی معمەلچی پارێزگاى کەربەلا کردبوو، تەقەى لێ کرا و چەندین گوللە بەر پشت و سکی کەوت و لەگەڵ کەسێکی یاوەری برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران، بەڵام لەبەر سەختى برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانى لەدەستدا.
تا ئێستا تەقەکەرەکە دەستبەسەر نەکراوە و پۆلیسى کەربەلا گوتوویەتى کە هەڵاتووە و ئێستا ئەوان بە دوایەوەن بۆ ئەوەى بکوژەکە دەستبەسەر بکەن.
لە عێراقى بن دەستى کۆمارى ئیسلامى، کەسانى چالاکڤان بەتایبەت چالاکڤانى خۆپێشاندانەکان و مەدەنى و ڕۆژنامەنووسى و ئێستاشى لەگەڵدا بێت، بەرپرسانى خاوەن پێگە و خۆشەویست لە نێو خەڵک و دژە گەندەڵى و چاکساز، لە لایەن میلیشیا شێعییەکانەوە دەڕفێنرێن و دەکوژرێن و لە ماوەى ڕابردوودا چەندین چالاک کوژراون.