تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

تورکیە دۆزەخی پەنابەرانی ئێرانی

ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەفشینی سۆهراب‌زادە، ئەو پەنابەرە سیاسییەی هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران لەسەرە
ڕاپۆرتێک لەبارەی ئەفشینی سۆهراب‌زادە، ئەو پەنابەرە سیاسییەی هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران لەسەرە
posted onApril 20, 2021
noتعليق

ئاڤاتودەی ـ ئانکارا: ئەفشین سۆهراب‌زادە، زیندانیی سیاسیی پێشوو و پەنابەری سیاسیی کورد کە ئێستا لە کەمپێکی شاری مولای تورکیەیە، جگە لە هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوە لە بارودۆخێکی نالەباری جەستەییشدایە.

فریشتە تاجمیری، هاوژینی ئەم پەنابەرە کوردە لە لێدوانێک بۆ ئاڤاتودەی وتی: بەداخەوە ئەفشین تووشی خێرایی لێدانی دڵ و خوێنڕێژیی کۆئەندامی هەرسکردن بووە و بارودۆخی جەستەیی ناوبراو تا ئەو ئاستە نالەبار بووە کە شەوی ڕابردوو بەهۆی خوێنڕێژی و هەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵەیەوە گواستراوەتەوە بۆ بەشی چاوەدێریی دەرمانی کەمپەکە.

بە وتەی هاوژینی ئەو پەنابەرە کوردە، هۆی بارودۆخی هەنووکەیی ئەفشین، حەوت ساڵ لێدان و ئەشکەنجەی لە زیندانەکانی سوپای پاسدارانە.

ئەفشین سۆهراب‌زادەی خەڵکی شاری کامیارانی پارێزگای سنە، ساڵی ١٣٨٨ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر و لە حاڵێک کە تەمەنی ١٧ ساڵ بوو لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنە بە ئیعدام مەحکووم و بە هۆی کەمیی تەمەنەوە لە دادگای پێداچوونەوە سزاکەی بۆ ٢٥ ساڵ کەم کرایەوە.

بە وتەی خاتوو تاجمیری؛ ئەفشینی سۆهراب‌زادە لەکاتی ڕاگیران و زیندان، لە ژێر ئەشکەنجە و لێدان تووشی کێشەی هەرسکردن و شێرپەنجەی ڕیخۆڵە بووە. لە حەوتەمین ساڵی زیندانبوونی، لەبەر بارودۆخی جەستەیی و بە هەوڵی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، بە دانانی بارمتەی قورس پشووی پزیشکی درایێ و دواتر لە کاتی تێپەڕاندنی پشووەکەی ڕای کرد بۆ تورکیە و هەر لەوێ داوای پەنابەریی پێشکەش کرد.

داواکاریی ئەم پەنابەرە کوردە، ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قەبووڵ و بەفەرمی بووە پەنابەری ئەو ڕێکخراوە وڵاتی تورکیە.

سۆهراب‌زادە لە ڕێکەوتی دووشەممە، ٥ی ئاپرێلی ٢٠٢١ بەرارمبەر بە ١٦ی خاکەلێوە، دوابەدوای سەردانی فەرمانگەی کۆچبەریی شاری ئێسکی شەهیر بۆ وەرگرتنی بەڵگەی ڕێگەپێدانی چوونەدەروەی شار بەمەبەستی چاوپێکەوتنی هاوڕێیەکی خۆی، دەستبەسەر دەکرێ.

فریشتەی هاوسەری لەم بارەوە وتی:" فەرمانگەی کۆچبەریی شاری ئیسکی شەهیر بە ئێمەیان وتووە کە ئەفشین بۆ وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێکی کورت بۆ ئانکارا بەڕێ دەکرێ، بەڵام دەرکەوت درۆیان کردووە". بەیانیی ئەو ڕۆژە ئەفشین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێی گوتم بۆ کەمپی دیپۆرتی شاری کایسری گوازراوەتەوە. بە وتەی هاوژینی سۆهراب‌زادە، ناوبراو ماچار کراوە بەڵگەی دیپۆرتکردنەوەی خۆی واژۆ بکات.

تا ئەم کاتە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتی تورکیە ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە هۆکاری ڕاگیران و دیپۆرتی سۆهراب‌زادە نەداوە و تەنیا فەرمانگەی کۆچبەری ڕایگەیاندووە کە ناوبراو "هەنگاوی دژی تەناهیی وڵاتی تورکیە" هەڵیناوە.

فریشتە تاجمیری لەسەر بارودۆخی دەروونیی ئەو پەنابەرە کوردە، وتی:"دووبارەبوونەوەی ڕاگیران و دەستبەسەرکران و وەبیرهێنانەوەی بارودۆخی پێشووی لە زیندانەکانی ئێران کە بریتییە لە حەوت ساڵ ئەشکەنجەی بەردەوام، وای لێ کردووە کە دەست بۆ خۆکوژی بەرێ. ئێستا، ئەفشین لە کەمپی تاوانە تێرۆریستییەکان و لە ژێر لێپێچینەوە، بێبەشە لە دەرمان و چارەسەرییە پزیشکییەکان و لەژێر هەڕەشەی دیپۆرتدایە.

دیپۆرتی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە تورکیەوە بۆ ئێران ڕابردوویەکی دوورودرێژی هەیە. لەم بارەوە نموونەی زۆر لەبەر دەستدان وەک:

حەبیب چاب، لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی ئەحواز، ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ لەلایەن مۆرەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە ڕفێندرا و گەڕێندرایەوە بۆ ئێران و سەعید کەریمیان بەڕێوەبەری کاناڵی جیم تی وی، لە ساڵی ٢٠١٧ لە ئیستامبوڵ تیرۆر کرا.

لەم بارەوە، هاوکاریی بەربڵاوی ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیە و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گیانی هەزاران پەنابەری کورد و ئێرانیی خستووەتە بەر مەترسی بەڵام بەوپەڕی سەرسوڕمانەوە، ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لەم بارەوە بێدەنگن.