تجاوز إلى المحتوى الرئيسي

زیندانى ورمێ مۆتەکەى زیندانییە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات

زیندانى ورمێ مۆتەکەى زیندانییە سیاسییەکانى ڕۆژهەڵات
AvaToday caption
ئێران بەراورد بە ژمارەى دانیشتوانى پلەى یەکەمى لەسێدارەدانى دونیاى هەیە
posted onApril 11, 2021
noتعليق

لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان هەتا دێت ئاست و ژمارەى بەندکراوانى سیاسى و عەقیدەتى و کۆمەڵایەتى بەرز دەبێتەوە و لە بەرامبەر ئەم بەرزبوونەوەیەشدا ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ژمارەى لەسێدارەدراوانى زیندانى بەرەو هەڵکشانن، لە نێو هەموو زیندانەکانیشدا زیندانى ورمێ هەتا دێت ئامارەکانى بەندکردن و لەسێدارەدانى تیادا بەرزتر و بەرزتر دەبنەوە.

 

 

هەر دوێنێ شەش بەندکراوی بەندیخانەی پارێزگاى ورمێى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپا بوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان براونەتە ژووری تاکەکەسی کە لەو شەش کەسەش سێیان لەسێدارە دران و سێیەکەى دیکەیش لە ئان و ساتدان بۆ لەسێدارەدان.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوى کردەوە کە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٣ى ئەپرێلى ٢٠٢١ى زایینى، شەش زیندانى بەندیخانەى ورمێ کە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر سزای سێدارەیان بۆ بڕابووەوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون و بە بنەماڵەی ئەو شەش کەسەیان گوتبوو کە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خاکەلێوە سزاکەیان جێبەجێ دەکرێت. ئەو شەش زیندانییەش بریتی بوون لە:

ـ میر سولتان ئەمیری

ـ سادق مەحی

ـ مستەفا نەسیرخا

ـ ئەحمەد نێعمەت وەند

ـ محەمەد کەریم محەمەدپوور

ـ ئیبراهیم نەسیرخا

هەر دوێنێ بڵاو کرایەوە کە سێ زیندانی لە بەندیخانەى ورمێ حوکمە بەسەرداسەپاوەکەیان بەرامبەر بە تۆمەتى بەکارهێنان و بڵاوکردنەوەى ماددەى هۆشبەر جێبەجێ کراوە کە ئەوانیش بریتیین لە:

ـ ئەحەد حەبیبوەند کوڕی حوسێن خەڵکى ورمێ

ـ سادق مەحی کوڕی عیسا خەڵکى ورمێ

ـ محەمەد مەحموودی کوڕی حاجی حوسێن خەڵکى شنۆ

 

ڕۆژهەڵات چەقى پێشێلکارییەکانى کۆمارى ئیسلامى:

بە پشتبەستن بە ئامارەکان، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ى زایینى، حوکمی لەسێدارەدانى ٥٦ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران جێبەجێ کراون کە لەو ژمارەیە ٤ زینداییان سیاسی بوونە و ئەوانى تریشیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپاوە و حوکمەکەیان جێبەجێ کراوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە یەکێک لە بەندکراوانی سیاسی کورد بە ناوی هیدایەت عەبدوڵاپوور تیرباران کراوە کە تەنانەت بە پێی یاسا نیوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش قەدەغەیە و لە دوو دەیەی ڕابردوودا حاڵەتی لەم شێوە نەبینراوە. هەروەها شایان سەعیدپوور خەڵکی سەقز کە لە تەمەنی مێرمنداڵی تووشی تاوان ببوو حوکمەکەی جێبەجێ کراوە و دوو ژنیش لەسێدارە دراون.

لەو ژمارەیەى سەرەوەشدا دابەشکارییەکە بە پێى پارێزگاکان بەم شێوەیەیە: (لە پارێزگاى ورمێ ١٩ کەسى لەسێدارەدراو کە هەموویان پیاون، لە پارێزگاى سنە ١٧ کەسى لەسێدارەدراو کە دووانیان ژن و پانزەیان پیاون، لە پارێزگاى کرماشان ٩ کەسى لەسێدارەدراو کە هەموویان پیاون، لە پارێزگاى لۆڕستان ٩ کەسى لەسێدارەدراو کە هەموویان پیاون، لە پارێزگاى ئیلام ١ کەسى لەسێدارەدراو کە ئەویش پیاوە، لە پارێزگاى ماوەندەران ١ کەسى لەسێدارەدراو کە ئەویش پیاوە.

 

ئێران پلەى دووەم لەسێدارەدان:

لە ماوەى ١٠ ساڵى ڕابردووش واتە لە ساڵى ٢٠١٠ تا ٢٠٢٠ى زایینى لە ئێرانى بن دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامى، ژمارەى لەسێدارەدان گەیشتووەتە ٦٠٦٧ کەس کە لەو ژمارەیەش نزیکەى ٦٨ کەسیان لە خوار تەمەنى ١٨ ساڵییەوەن بەمەش ئێران لە ڕیزبەندى وڵاتانێک کە سزاى لەسێدارەدان جێبەجێ دەکەن لە دواى چین پلەى دووەمى هەیە و زۆربەى لەسێدارەدانەکانیشى نهێنین بەڵام ئامارەکانى نهێنیبوونەکە تەواو لەبەر دەست نین.

بە پێى ڕاپۆرتى ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى، لە ڕاپۆرتێکى خۆیدا سەبارەت بە ژمارەى لەسێدارەکانى دونیا باسى ئێرانیشى کردووە. لە ساڵى ٢٠١٩ى زایینى ئێران پلەى دووەمى لە هەموو دونیا هەبوو واتە نزیکەى (٣٨%)ى لەسێدارەکانى هەموو دونیا و عەرەبستانى سعودیە و عێراق و میسر لە پلەى سێیەم و چوارەم و پێنجەمدا بوون.

ئێران لە ساڵى ٢٠١٩ى زایینى ٢٥١ کەسى لە سێدارە داون کە زیاتر لە ٥ کەسیان لە خوار تەمەنى ١٨ ساڵەوە بوونە، واتە لە کاتى تاوانەکەیان کەمتر لە ١٨ ساڵ تەمەنیان بووە و بەمەش ڕاستەوخۆ پێشێلى یاساکانى کۆنوانسیۆنى نێونەتەوەیی مافەکانى مرۆڤ بووە کە ئێرانیش نزیکەى ٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا چووە نێوى و گوتى پابەند دەبێت پێوەى بەڵام تا ئێستا هیچ ساڵێک پابەند نەبووە.

بە پێى ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی ئێران، "دۆخى زیندانییان لەوپەڕى خراپیدایە و مافیان بەردەوام پێشێل دەکرێت و  لەگەڵ ئەوەشدا بە بێ ئاگاداری و نهێنى لە سێدارە دەدرێن". لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ى زایینى لەو وڵاتە ٢٥٣ کەس

لە سێدارە دراون کە لەو ژمارەیەش دووانیان لە خوار تەمەن ١٨ ساڵ بوونە و هەشتیان ژن و شەشیان بەندکراوى سیاسى بوونە و بە گشتیش لەو ژمارەیە ٢٠٥ کەسیان پیاو بوونە و سەرەڕاى هەموو ئەوانەش زیاتر لە ٢١٠ کەسیان بە نهێنى و دوور لە چاوى ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و ناوەندکانى مافى مرۆڤ و ناوەندە میدیاییەکان لەسێدارە دراون کە زۆرینەیان لە پارێزگاکانى ورمێ و خوراسان و ئەلبورز بوونە.

ساڵى ٢٠١٨ى زایینى دووبارە ئێران بە لەسێدارەدانى ١٦٦ کەس پلەى دووەمى دونیاى بەدەست هێنا کە لەو ژمارەیەش ١٥٥ کەسیان پیاو و ٥ کەسیان ژن بوونە و چەندین کەسیشیان لە خوارەوەى تەمەن ١٨ ساڵ بوونە. هەروەها لە ساڵى ٢٠١٧ى زایینى زیاتر لە ٢٠٠ کەس و لە ساڵى ٢٠١٦ى زایینى زیاتر لە ٣٥٠ کەس و لە ساڵى ٢٠١٥ى زایینیش زیاتر لە ٤١٠ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون.

لەسێدارە

دەستبەسەرکردنى بەکۆمەڵى لاوان و چالاکڤانانى ڕۆژهەڵات:

لە ماوەی مانگی ڕابردوو، لاینکەم ۲۳ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران و چالاکی مەدەنی و دەستبەسەر کراون. ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانى باسى لەوە کردووە کە لە مانگى مارسی ٢٠٢١ى زایینى، لانیکەم ۲۳ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هەروەها بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز دەستبەسەر کراون کە لەم ژمارەیە ٨ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت و ١٥ کەسیشیان بە هۆی بەشداری کردن لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز دەستبەسەر کراون.

زۆربەى ئەم دەستبەسەرکراوانە لە هەردوو پارێزگاکانی ورمێ  و سنە و کرماشانن کە (١١ کەس لە ورمێ و ١١ کەس لە سنە و ١ کەس لە کرماشان) کە لەوانەش یەکێکیان مێرمنداڵێکى تەمەن ١٥ ساڵە.

هەروەها لە مانگى مارسی ٢٠٢٠ى زایینى تا مانگى مارسی ٢٠٢١ى زایینى، لانیکەم ٣٣ چالاکی ژنی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و دەزگای دادوەریی ڕژێم لە ئێران سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بە سەر ١١ چالاکی کورددا سەپاندووە.

لەو ٢٣ ژنە دەستبەسەرکراوەش کە هۆکاری دەستبەسەرکردنى زۆربەیان چالاکی سیاسی بووە، زۆرینەیان لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە بوونە کە ئەویش بەم شێوەیەیە: (پارێزگای سنە: ١٢ حاڵەت، پارێزگای ورمێ: ٦ حاڵەت، پارێزگای کرماشان: ١٢ حاڵەت، پارێزگای ئیلام ١ حاڵەت، پارێزگای لوڕستان: ١ حاڵەت و پارێزگای مازەندەران: ١ حاڵەت)