لە ماوەی ڕۆژانی جێژنی نەورۆز دا پێنج هاونیشتمانی لاوی دەڤەری شاری شنۆ بە ناوەکانی، "ساڵح حەسەنپوور، عەلی حەسەنپوور، عیسا حەسەنپوور و هادی خالدزادە"، خەڵکی ئاوایی "کانییە ڕەش" و "موراد ڕەهاوەرد"، خەڵکی ئاوایی"قەڵاتیان" سەر بە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو پێنج هاونیشتمانییەیان، پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی جێژنی نەورۆز دەستبەسەر کردووە و ڕۆژی سێشەممە ٣ی خاکەلێوە، ئەو پێنج کەسە پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە شنۆ، ئازاد کراون.
ئەمە لە کاتێکدایە لە شارەکانى دیکەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان گەڕانى سوپاى پاسداران و ئیتلاعات بەردەوامە لە دواى ئەو کەسانەى کە دەستیان هەبوو لە بەڕێوەبردنى مەراسیمەکانى تایبەت بە نەورۆز و "ناگوتن" بە کۆمارى ئیسلامى.
شایەنى باسە لە ڕۆژى چوارشەممەسوورییەوە تا دەگاتە نەورۆز، بە دەیان مەراسیمى گەورە لە گوند و شارەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەڕێوە چوون کە تیایاندا جامانە وەک سیمبولى خەبات و هەڵپەڕکێ و درووشم و گۆرانى وەک سیمبولى یەکبوون و بەکڕیزى و دژایەتى کۆمارى ئیسلامى بەڕێوى چوون و بە هەزاران کەس تیایاندا بەشدارییان کرد.