
ڕێکخراوى جیهانى کۆچ (IOM) لە ڕاپۆرتێک بڵاوى کردەوە کە بە خراپبوونى دۆخى ئابوورى ئێران، زیاتر لە ٧٠٠ هەزار ئەفغانى کۆچپەر کە لە ئێراندا خەریکى کار و کرێکارى بوون، لە ساڵى ڕابردووى زایینى گەڕاونەتەوە ئەفغانستان.
بە پێى ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆتایی مانگى گەڵاڕێزانى ٢٠١٨، نزیکەى ٧٢٥،٣٢٥ ئەفغانى لە پاکستان و ئێران گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان کە لەم ژمارەیە ٧٢١،٦٣٣ کەسیان لە ئێران گەڕاونەتەوە ئەفغانستان. لە ڕاپۆرتەکەشدا باسى لەوە کراوە کە قەیرانى گەورەى ئابوورى لە ئێران و شکانى تمەنى ئێرانى بە هۆى گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا لەسەر کۆمارى ئیسلامى و دانانى گەمارۆى نەوتى و ئابوورى نوێ دژى کۆمارى ئیسلامى، ئێرانى تووشى قەیرانێکى گەورە کردووەتەوە.
پاش دەرچوونى ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەى ئەتۆمى ساڵى ١٣٩٤ و وڵاتانى ١+٥ کە بە بەرجام ناسراوە، بەهاى دراو لە ئێران شکاوە و زۆربەى کۆمپانیا دەرەکییەکان لە ترسى گەمارۆکانى ئەمریکا، ئێرانیان جێ هێشتووە و ئەم ژمارەیە تا دێت زیاتر دەبێت و کۆمپانیا نێوخۆییەکانیش زیاتر ڕووبەڕووى مایەپووچى دەبنەوە.