
دوێنێ لەسنورى ئاکرێ ـى باشوورى کوردستان، پێکدادان لەنێوان هێزێکى پێشمەرگە و گەریلاکانى پەکەکە رووی دا، لەکاتێکدا هێزەکانى پێشمەرگە خەریکى سەنگەر لێدان بوون لەو سنورە.
شەعبان خەلیل، بەرێوەبەرى ناحیەى دینارتەش کە پێکدادانەکەى تێدا ڕووى دا، باسى لەوە کردووە ک "ئەوەى روویدا تەنها چەند خولەکێک بوو، لەکاتێکدا هێزەکانى پێشمەرگە سەرقاڵى دانانى خاڵەکانى خۆیان بوون، بە قەناس تەقەیان لێکراوە و ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە".
ئەم سنوورقایمکردنەى هێزى پێشمەر دواى کوژرانى بەرپرسێکى ئاسایش دێت لەسنورى ئامێدى، کە پەکەکە کوشتى .
ئاژاسنى فورات نیوزى سەر بە پەکەکە بڵاوی کردەوە، "لە دوێنێوە پارتى هیزێکی تایبەتی خۆی بەناوی گوڵان کە لەژێر فەرمانی مەسرور بارزانی دایە، ڕەوانەی شارۆچکەی دینارتێ و دەشتی نەهلێ سەربە ناوچەی ئاکرێ لە دهۆک کردووە"، ئەم هەستیارییەى پەکەکەش بۆ ئەوەیە کە ئەو ناوچەیەى باشوورى کوردستانى داگیر کردووە و ناوى ناوە ناوچەى میدیا، گوندەکانى مەلکێ، دۆستەکا، گیسێ، مامیشمیش، گردی دینارتە، گردی مەزرینگان، گردی ناوخۆش، گردی دفری دەگرێتەوە و کردوویەتییە پانتایی حکومڕانى خۆى، ئەمە لە کاتێکدایە کە شوێنى خەباتى پەکەکە باکوورى کوردستانە نەوەک باشوورى کوردستان.