فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، کۆتاییان بە دوایین شەپۆلی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران هێناوە و لە ئۆپەراسیۆنێکی ٥ كاتژمێریدا لە ڕێگەی چەکی جیاوازەوە بە سەرکەوتوویی ئامانجە سەربازییەکانی ئێرانیان پێکاوە.
سێنتکۆم لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە لە کاژێر 10:15 خولەکی شەوی دووشەممە، بە كاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا، کۆتاییان بە نوێترین شەپۆلی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران هێناوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەمیانی ئۆپەراسیۆنە ٥ كاتژمێریەكەدا، هێزەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی ئامانجە سەربازییەکانیان لە سەرانسەری ئێراندا پێکا، لەنێویاندا لە بوشەهر، چابەهار، جاسک، کۆنارەک، ئەبوو مووسا و بەندەر عەباس."
ئاماژەی بەوەش کردووە کە مەبەست لەم هێرشانە "بۆ زیاتر کەمکردنەوە و لەنێوبردنی تواناکانی ئێرانە لە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان."
سێنتکۆم ڕوونیکردووەتەوە: "هێزەکانمان چەک و تەقەمەنیی زۆر وردیان دژی سیستمەکانی بەرگریی کەناراویی ئێران، بنکەکانی مووشەک و درۆن، هەروەها تواناکانی دەریایی ئەو وڵاتە بەکارهێناوە."
لە کۆتایی هاتووە: "ئێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر کراون. هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە کارکردن بە وریایی، هێزی کوشندە و ئامادەیی تەواوەوە."